May 24, 2019 09:40 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: گەلی ئێران دوژمنانی خۆی پەژیوان دەکاتەوە

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: گەلی ئێران دیسان دوژمنانی خۆی لە شەڕی ئابووریدا پەژیوان دەکاتەوە.

"حەسەن ڕۆحانی" شەوی هەینی لە دوازدەهەمین کۆبوونەوەی نیشتمانی ڕێزگرتن لە ئیسارگەران لە تاراندا، رایگەیاند: گەلی ئێران لەهەبەر دوژمنانی بە سەربەرزییەوە  ڕاوەستاوە.

سەرۆک کۆماری ئێران  راشکاوانە ڕایگەیاند: دوژمنان دەمانخەنە بن زەخت و گوشارەوە تا خەڵکی ئێران لە سەربەزری و سەربەخۆیی پەژیوان بکەنەوە، بەڵام گەلی ئێران نیشانیان دەدات کە پیلانگێڕییەکانیان هیچ ئەنجامێکی نابێ و دوژمنانی دیسان پەژیوان دەکاتەوە.

ڕۆحانی بە  ئاماژە بەوەی کە زیاتر لە یەک ساڵ وێرای بایکۆتی توند و کێشە و گرفتی زۆر خەڵک سەریان دانەنواند و دەنگی گەل دەنگی خۆراگری و بەرخۆدانە، راشکاوانە ڕایگەیاند: دەنگی ملشۆڕی و سەردانواندن هەرگیزاوهەرگیز لە ئێران و گەلەکەی بەرز نابێتەوە و بە فیداکاری، بەرخۆدان و یەکدەنگی بە سەر دوژمن زاڵ دەبین.

سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە خوڕەمشەهر هێمای گەورەی بەرەڤانی پیرۆز و بەڵگەی سەلمێنەری مێژوو  و سەربەرزیی گەلی ئێرانە، وتی: خوڕەمشەهر بە لەونێ دەستی بە سەردا گیرا کە ١٩ هەزار سەرباز و  ئەفسەری ئێراقیش لەو هەڵمەتەدا  ئەسیر کران.

ئەمڕۆ هەینی سێهەمی جۆزەردان (٢٤ی مانگی مەی) ساڵڕۆژی رزگار کرانی شاری خوڕەمشەهر لە پارێزگای خوزستان هەڵکەوتوو لە باشووری ڕۆژاوای ئێرانە لە ساڵی ١٩٨٢. شاری خوڕەمشەهر پاش ٥٧٨ ڕۆژ کە لە ژێر چنگی ڕژێمی بەعسی ئێراقدا بوو، ئازاد کرا.

سەرپەیڤ