ئەمیر عەبدوڵاهیان: ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی گومانلێکراوی سەرەکیی ئاڵۆزی لە کەنداوی فارسن
یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتی وتی: دەزگە سیخوڕییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی (موساد) گومانلێکراوانی سەرەکیی تێکدانی رەوتی هەناردەی نەوتی کەنداوی فارس و دەریای عومانن.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران ''حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان" یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە لاپەڕەی شەخسیی خۆیدا لە تویتەر نووسی: گەمژەیی و نەزانیی عەرەبستان، ئیمارات و بەحرەین، بۆتە هۆی بڵێسە سەندنی ئاگری شەڕ و ناکۆکی لە ناوچە.
یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتی جەختی کرد: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو تواناوە داکۆکی دەکات لە قازانج و بەرژەوەندیی نیشتمانی خۆی و پاوەجێی ناوچەکە، دوژمنانی هیوابڕاو دەکات و کۆشکی سپیش پاشەکشە پێ دەکات.
سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە دوو گەمیی نەوتهەڵگر کە باری وڵاتی ژاپۆنیان پێبوو لە دەریای عومان ئاوریان تێبەر بوو.
یەکەی گەڕان و ڕزگار کردنی دەریایی سەر بە ناوەندی بەندەرەکان و دەریاوانیی ئێران دەسبەجێ پاش ڕوودانی ئەو تەقینەوانە بە ڕزگار کردنی هەموو ستاف و سەرنشینانی ئەو دوو گەمییە، ئەوانی بۆ ئاراستە کردنی ڕاژەکاریی دەرمان و پزشکی باشتر بەڕێ کرد بۆ بەندەری جاسک هەڵکەوتوولە باشووری ئێران.
"مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئێوارەی پێجنشەممە بە بێ هێنانە ئارای هیچ چەشنە بەڵگە و سەنەدێک، ئێرانی بە بەرپرسی پەلاماردرانی ئەو دوو گەمییە نەوتهەڵگرە لە دەریای عومان ڕاگەیاند.
ئێرانیش خێرا بانگەشە بێ بنەماکانی ئەمریکا دژ بە تاران سەبارەت بە پەلاماردانی ئەو گەمییە نەوتهەڵگرانەی وەدرۆ خستەوە و وشداری دا بە وڵاتانی ناوچە کە بەرامبەر بە بۆسە و تەڵەی ئەو کەسانەی وشیار بن کە ئاڵۆز و ناپاوەجێ بوونی ناوچەکە بە قازانجیانە.