حوزه‌یران 28, 2019 13:13 Asia/Tehran
  • کۆبوونەوەی ڤییەنا و

هاوکات لەگەڵ نزیک بوونەوەی دواڕۆژانی دەرفەتی ٦٠ ڕۆژەی ئێران بە وڵاتانی ئەورووپایی بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی بە کردەوە لە پێناو پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، دیپلۆماسیی ئێرانی بە بێ ئاوڕدانەوە لە گوشارە سیاسی و ئابوورییەکان، لە دووی دابین کرانی قازانج و بەرژەوەندیی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە.

"عەباس عەراقچی" جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئیران بۆ بەشی سیاسی پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینیی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤییەنای پێتەختی ئوتریش، وتی: وڵاتانی دیکەیش کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا ماونەتەوە نەیانتوانیوە قەرەبووی چونەدەری ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە بکەنەوە بۆ ئێران.

ئەو کاتەی کە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ فەرمانی چوونەدەری ئەم وڵاتە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەرکرد، ئەورووپاییەکان لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا داوایان لە تاران کرد لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا بێمێنێتەوە  تا ئەو سەرکەوتنەی بۆ دیپلۆماسی جیهان بە دەست هاتووە، لە کیس نەچێ.

ئەمڕۆ تۆزێک زیاتر لە یەک ساڵ تێدەپەڕی بە سەر سەبری ستراتژیک، دیپلۆماسیی ئێران و  نیازپاکیی تاران، بەڵام ئەورووپاییەکان  تەنیا هەر لە قۆناغی سیاسەتی زارەکیدا ماونەتەوە و هەر بە ڕواڵەت پشتیوانی خۆیان لە ڕێککەوتی ئەتۆمی رادەگەیەنن و بەس.

ئەو دەرفەتەی ئێران دای بە ئەورووپاییەکان بۆ قەرەبوو کردنەوەی زیانەکانی چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەوا لە یەک ساڵێش تێپەڕ بووە و ئێستایش هەر ئەورووپاییەکان بۆ هێنانەدیی  بەڵێنەکانیان بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بە کردەوە هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە.

دان بەخۆدا گرتنی ئێران و دەرفەت دان بە دیپلۆماسی، قازانج و بەرژەونەدییەکانی تارانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا دابین نەکردووە و هەر بەو پێیە، ئێران پاش یەک ساڵ لە چوونەدەری  ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (هەشتی ژوەنی ٢٠١٨) دوو ئەستۆگریی خۆی بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە جیهانییە ڕاگرت.

ئەو کردەوەی ئێرانە مێکانیزمێکە کە لە خودی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا لە لایەن وڵاتانی ئەندام لەبەرچاو گیراوە و بەرتەسک بوونەوەی ئەستۆگرییەکان بەرامبەر بە ڕێکەوتنی ئەتۆمی بە مانای بنپێ کردنی ئەو ڕێککەوتنە نییە.

لە وەها ڕەوشێکدا، گوشاری ئەورووپاییەکان لە سەر ئێران بۆ جێبەجێ کردنی تۆکمە و تەواوی هەموو ئەرک و ئەستۆگرییەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ستراتژییەکی نائاوەزمەندایە و کەمتەرخەمیی لایەنەکانی دیکەی ئەو ڕێککەوتنە لە بەکردەوە جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانیان بە مانای بنپێ کردنی ئەو ڕێککەوتنەیە.

هەر لەم ئاراستەیەدا، "مەجید تەخت ڕەوانچی" نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕۆژی پێنجشەممە سەبارەت بە کەمتەرخەمییەکانی  ئەورووپاییەکان پاش چونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتی: ئەورووپاییەکان ڕێککەوتنی ئەتۆمییان بنپێ کردووە و ئەو وڵاتانەی پێبەنەد کراون بە جێبەجێ کردنی  تۆکمە و سازندەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، دەبێ بە کردەوەیش ئەو پێبەندییەیان بسەلمێنن.

لە جەنگەی هەڵوێستەکانی ئەم ڕۆژانەی  ئەورووپا بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، نیشانەیەک لە  هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ جێبەجێ کردنی ئەستۆگرییەکەیان لە پێناو پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەدی ناکرێ. هاوڕێیەتی وڵاتانی ئەورووپایی لایەنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران هەر لەو چوارچێوەدایە و لە وەها ڕەوشێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران ناکەوێتە بن گوشارەکانی ئەورووپا لەمەڕ ئەوەی کە بەشێوەی یەکلایەنە پێەندی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بمێنێتەوە.

هەروەها "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران  ڕۆژی پێنجشەممە لە نامەیەکدا  بۆ "فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ، بە ئاماژە بە کەمتەرخەمیی ئەورووپا لەمەڕ بەجێ هێنانی ئەرک و ئەستۆگرییەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، نووسی: راگرتنی بەگشتی و یان هەندێ بەشی ئەستۆگرییەکانی ئێران بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی مافی ڕەوای ئێرانە.

بێ گومان بێتوو ئەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی کۆمسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی لە ڤییەنا هاوڕێ لەگەڵ هەنگاوی بە کردەوەی ئەورووپاییەکان نەبێ، ئێران هەشتەمی ژولای ٢٠١٩  هەنگاوی دووەمی خۆی لەمەڕ کەم کردنەوەی ئەستۆگرییەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لێبڕاوانە هەڵدەگرێ.

هەرچەشنە هەنگاوی بە کردەوەی ئەورووپاییەکان لەوان جێبەجێ کردنی مێکانیزمی دراویی ناسراو بە "ئیسنتێکس" دەبێ قازانج و بەرژەوەندیی ئابوورییەکانی ئێران بە تەواوەتی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا دابین بکات؛ کە ئەگەر وانەبێ ، بەرپرسایەتیی هەرچەشنە بێسوود بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و تیاچوونی لە ئەستۆی لایەنەکانی دیکەی ئەو پەیمانە نێودەوڵەتییە بەتایبەت ئەورووپاییەکان دەبێ.

سەرپەیڤ