ته‌مووز 10, 2019 18:10 Asia/Tehran
  • موسەوی : ھەوڵی فەرانسییەکان بەشێکە لە ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی بەرجام

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای پێشوازی کردن لە ڕۆڵگێڕانی فەرانسا بۆ کەم کردنەوەی ئاڵۆزی و ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنی بەرجام، وتی: فەرانسییەکان بەشێکن لە ڕێککەوتنی بەرجام و تاران ھەوڵەکانیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرجام و بەشێک لە ئەرکەکانیان بۆ ڕاگرتنی ئەم ڕێککەوتنە ناڤۆکییە چاو لێ دەکات.

«سەیید عەبباس موسەوی» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیرنا وێڕای ئاماژە کردن بە گەشتەکەی «ئێمانۆئێل بۆن» ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی  سەرۆک کۆماری فەرانسا بۆ تاران و دیداری ئەمڕۆ چوارشەممەی لەگەڵ سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران و وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وتیشی: دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و بێ بەڵێنییەکانی لایەنی بەرامبەر لە مەڕ دابین کردنی بەرڕژەوەندییەکانی تاران لە ڕێککەوتنی بەرجام، ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرجام بە دووی میکانیزمگەلێک دا بووە ھەتا بەڵێنەکانی کەمتر کاتەوەو ھەر لەم ئاراستەیەش دا ھەوڵێکی دیپلۆماسیانەی زۆر لە ئاستی ناوچەکەو جیھاندا ئەنجامی گرتووە.

موسەوی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئامانجی تاران پەرە پێ دانی ئاڵۆزی و دروست کردنی ململانێ و پێکەوە ھەڵشاخان نییە، وتیشی: کشانەوەی نایاسایی و یەک لایەنەی واشێنگتۆن لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و دوابەدوای ئەوەش سەپێندرانی بایکۆتی بەربڵاوی ئەمریکا بە سەر گەلی ئێران ھیچ لێکدانەوەیەکی بێجگە لە تیرۆریزمی ئابووری و تێوەگلان بە شەڕی ئابوورییەوە نییە.

«سەیید عەبباس موسەوی» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: ئەگەر کەسێک بە دووی کەم کردنەوەی ئاڵۆزی و پاراستنی ڕێککەوتنی بەرجام دایە وەک دەستھلاتێکی دیپلۆماسیانەی چەند لایەنە، دەبێ ویژدانمەندانە بجوڵێتەوەو بچێتە سەروەختی سەرچاوەی ئاڵۆزییەکان واتە ئەمریکاوە.

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە باسی دانوستانی تازە لە ئاردا نییە، وتیشی: ئەگەر بڕیار بێت ڕاوڵێژو دانوستان بکرێت، ئەم دانوستانە بۆ ڕاپەڕێندرانی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و جێبەجێکرانی بەڵێنەکانی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە ھاوڕێ لەگەڵ ڕووسیاو چین دەبێت.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاندو بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەدایە ھەتا گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران زیاتر بکات. ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لە بەر پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ دژایەتیی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوەو وڵاتانی جۆربەجۆری جیھان ڕایانگەیاندووە کە پشتگری لە بایکۆتە دژی ئێرانییەکانی ئەمریکا ناکەن. لە بەرامبەردا ئێرانیش لە ئاراستەی پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەبێ ئەمریکا دەرفەتی ئەوەی بە ئەورووپییەکان داوە ھەتا میکانیزمێک بۆ پاراستنی ڕێککەوتنەکە پێک بھێنن.

سەرپەیڤ