ته‌مووز 17, 2019 10:46 Asia/Tehran
  • نوێنەرایەتی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان: بەرنامەی مووشەکیی ئێران ، دانوستانی لەسەر ناکرێ

نوێنەرایەتی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان لەکاردانەوە بە ئیدیعای ژمارێک هەواڵدەریی لەمەڕ ئامادەیی ئێران بۆ دانوستان سەبارەت بە بەرنامە مووشەکییەکەی، پێی داگرت: بەرنامەی مووشەکی وبەرگریی ئێران دانوستانی لەسەر ناکرێ.

هەواڵدەریی ئاسۆشوەیتدپرێس لە کردەیەکی دنەدەرانەدا و بەگۆڕینی نێوەرۆکی دیمانەی "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ کەناڵی "ئێن بی سی"، باسی ئامادەیی ئێرانی کرد بۆ دانوستان لەبارەی هێزی بەرگریی خۆی.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، نوێنەرایەتی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان سەرلەئێوارەی رۆژی سێ شەممە بەڕەت کردنەوەی ئیدیعای ئاسۆشوەیتدپرێس ڕایگەیاند: وەزیری دەرەوەی ئێڕان وتبووی "ئەگەر ئەمریکا دەیەوێ لەبارەی مووشەک قسە بکا سەرەتا دەبێ فرۆشی چەکەمەنی بەناوچە ڕابگرێ" بەڵام ئەو هەواڵدەرییە ئەو ڕستانەی بە هۆگریی ئێران مانا کردەوە بۆ دانوستان سەبارەت بە بەرنامە مووشەکی وبەرگرییەکەی .

نوێنەرایەتی ئێران لەڕێکخراوی نەتەوەکان ڕوو لە هەواڵنێرانی ئاسۆشوەیتدپرێس پێی داگرت: گۆڕینی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران، دەبێتەمایەی بێ متمانەیی بیروڕای گشتی بەرامبەر میدیاو میدیاکاران.

سەید عەبباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لەوبارەوە وتی: وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەڵامدانەوەیەکی زیرەکانەو بەوردیی بە پێشکەشکاری "ئێن بی سی"، پرسی فرۆشی چەکەمەنیی ئەمریکا بە وڵاتانی ناوچەی بەرەوڕووی کێشە کرد.