ته‌مووز 17, 2019 23:02 Asia/Tehran
  • زەریف: توانایی موشەکیی ئێران بۆ بەرپەرچ دانەوەیە

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانایی موشەکیی ئێرانی بە بەرپەرچدەرانەو بەرگریکارانە ڕاگەیاند.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بۆ بەشداری کردن لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئابووری-کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیۆیۆرکی کردووە، ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی « سی ئێن ئێن» وتیشی: ڕوانگەی ئێرانییەکان بۆ توانایی موشەکی بە سەرنجدانی ئەزمونی ھەشت ساڵەیان لە ھێرشەکەی ڕژێمی بەعسی عێراق، ھەستیارو شەرەفمەندانەیە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە داسەپێندرانی بەرتەسکییەکانی ئەمریکا بە سەر کارگێڕانی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتیشی: ئەو ھەنگاوەی ئەمریکییەکان نامرۆڤانەیە.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: ئەگەرچی داسەپێندرانی بەرتەسکی بۆ دیپلۆماتەکانی ئێران بابەتێکی تازە نییەو ھەتا ئێستا تەنیا مۆڵەتی ھاتوچۆ لە بازنەیەکی ٢٥ مایلیی ناوەندی مەنھەتەنی نیۆیۆرکیان ھەبووە، بەڵام ئەم ھەنگاوە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ھاتووچوویان بۆ ٥ مایلی کەمتر بێتەوە.

موحەممەد جەواد زەریف ھەروەھا لە بارەی بانگەشەی ئەمریکییەکانیش لە مەڕ ناردنی نامە بۆ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتی: داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھیچ نامەیەکی بۆ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی نەناردووە، بەڵکو سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بەس پەیامێکی زارەکیی ھێنا کە ھیچی تازەشی تیادا نەبوو.

کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاندووە کە ئەو وتووێژەی موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو بە تێروتەسەلی بڵاو دەبێتەوە.