ته‌مووز 29, 2019 16:19 Asia/Tehran
  • موسەوی: ئێران چاوەڕوانی هەوڵی پراکتیکی ئوروپیەکانە لەمەڕ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانی هەنگاوە پراکتیکییەکانی ئوروپییەکانە لەپاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا.

سەید عەبباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە لەدانیشتنی تایبەتی لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆ و دەرەوە، بەئاماژە بەوەی کە ئێران ناتوانێ لەسەر وادەی زارەکی و بەیاننامەگەلی سیاسی ئوروپا حیساب بکا، وتی: هەوڵە دیپلۆماتیکییەکان بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوامە بەڵام ئەگەر ئوروپییەکان بەڵێنیەکانیان هاوپێوەند بەو ڕێککەوتنە جێ بەجێ نەکەن، ئێران هەنگاوی سێهەم پتەوتر هەڵدەگرێ.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها بەئاماژە بە گۆڕانی ڕەوتی ئیمارات لە هێرش کردنەسەر یەمەندا، وتی: کەمکرانی ژماری سەربازانی ئیماراتی لە یەمەن، هەنگاوێکی ئەرێنییەو دەتوانێ سەقام و ئاسایشی ناوچەو کەمکرانی کێشە ناوچەییەکان بۆ وێنە لە یەمەنی لێ بکەوێتەوە.

موسەوی لەبارەی لێدوانی بەرپرسانی سەعودی بۆ وتووێژ لەگەڵ ئێرانیش وتی: ئێران چەندین جار خوازیاری خرانەڕووی ڕێکارگەلی بێ پێش مەرج بووە بۆ چارەسەریی ناکۆکی نێوان وڵاتانی ئیسلامی و پێشوازیش دەکا لە هەرهەوڵ و هەنگاوێک کە ببێتە هۆی لێک نزیکبوونەوەی وڵاتانی ئیسلامی.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران پێی داگرت: پێویستە وڵاتانی ئیسلامی لەپێناو بەرژەوەندیی وڵاتانی ئیسلامی ، ناکۆکییەکانیان وەلابنێن چونکە ئەو کارە دەبێتەهۆی ئەوەی رژیمە ناڕەواکان ئەو دۆخە نەقۆزنەوە.

موسەوی سەبارەت بە باری تەندروستیی شێخ ئیبراهیم زەکزاکی ڕێبەری بزووتنەوەی ئیسلامیی نیجریەش وتی: شێخ زەکزاکی کەسایەتی هەڵکەوتەی زانستی ومەزهەبی و خاوەن پلەوپێگەی تایبەت لەنێو موسڵماناندایەو ئێران ئەوپەڕی هەوڵی خستووەتەگەڕ بۆ ئازادکرانی ناوبراو.

سەرۆکی ناوەندی دیپلۆماسیی گشتی و میدیایی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی داواکاریی "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمەڕ سەفەر بۆ ئێران و وتووێژ لەگەڵ میدیا ئێرانییەکانیش وتی: ئەو داواکارییە، کردەیەکی هێرشبەرانەیە لەحاند وتووێژەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ میدیا ئەمریکییەکان و لەئاراستەی شەڕی دەروونیدا ئەنجام دەگرێ.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها ڕایگەیاند، لەماوەی ئەم حەوتەدا بڕیارە بەرپرسانی چینی وهیندستانی سەردانی تاران بکەن.

سەرپەیڤ