ئاب 02, 2019 08:17 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: گەلی ئێران بەرامبەر بە گوشارەکانی ئەمریکا بەچۆکدا نایەت

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: جیهان ئێستا ئیتر بەوە گەیشتووە کە گەلی ئێران گەورەتر و خاوەنی ویست و ورەیەکی بەرزتر لەوەیە کە بەرامبەر بە گوشارەکانی ئەمریکا تەسلیم بێ.

"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران  ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئیداریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە  تەورێز، باکووری ڕۆژاوای ئێران، بە ئاماژە بە چوونەدەری نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و توندتر کردنەوەی بایکۆتەکانی دژ بە ئێران، وتیشی: ڕێککەوتنی ئەتۆمی بێتوو هەتا ساڵێکی دیکە هەر پاوەجێ بمێنێتەوە هەموو بایکۆتە چەکەمەنییەکانی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە سەر ئێران بە تەواوەتی هەڵدەگیردرێن.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە بواری سیاسی و مافەوانییەوە گەلێک بۆ ئێران گرینگە، لەبەر ئەوەی کە ڕێکخراوی نەتەوەکان بە پشت بەستن بەو ڕێککەوتنە نیودەوڵەتییە شەرعییەت دادەنێ بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە.

ڕۆحانی هەروەها وتیشی:  ئەوانەی دژ بە ئێرانن، بەتایبەت زایۆنییەکان، عەرەبستانی سەعوودی و توندڕەوەکانی ئەمریکا ئەوانە هەموو ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانیان پێ تەحەمول ناکرێ و بە ئاشکرا نەیارەتیی خۆیان دژ بەو ڕێککەوتنە رادەگەیەنن و دان بەوەدا دەنێن کە ئەو پەیمانە نێودەوڵەتییە ١٠٠% بە سوودی ئێرانە.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کرد: ئێران بێتوو هیچ لە قازانجەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە نسیب نەبێ و لایەنەکانی دیکەی ئەو ڕێککەوتنە پێبەند نەبن بە بەڵێن و ئەستۆگرییەکانیان، هەنگاو بە هەنگاو بازنەی ئەرک و ئەستۆگرییەکانی بەرتەسک دەکاتەوە و ئەوە بە هەموو جیهان دەسەلمینێ کە  ئێران ڕێکاری زۆری لە بەردەستدایە.

"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە بۆ خستنەگەڕێ چەندین پرۆژەی ئاوەدان کردنەوە گەیشتە تەورێزی ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، هەڵکەوتوو لە باکووری ڕۆژاوای ئێران.

سەرپەیڤ