ئاب 15, 2019 21:07 Asia/Tehran
  • پشتڕاست کرانەوەی ئازادکرانی پاپۆڕی «گریس _١ »  لە لایەن باڵوێزی ئێران لە بریتانیا

بەعیدی نەژاد باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بریتانیا ھەواڵی ئازاد کرانی پاپۆڕی «گریس _١ » ی پشتڕاست کردەوە.

بەعیدی نەژاد باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکی توییتێڕی دا نووسیویەتی: چەند چرکەیەک لەمەوپێش بە بڕیاری کاربەدەستانی جەبەل تاریق و پشتڕاست کردنەوەی دادگە، نەوتبەرەکەی ھەڵگری نەوتی ئێران ڕاگرتنە نایاساییەکەی لە سەر ھەڵگیرا و ئازاد کرا.

وڵاتەکەمان لە ماوەی ئەم چل ڕۆژەی ڕابردوودا بە بەشداریی دامەزراوە ھاوپەیوەندە نێوخۆییەکانی ژێر فەرمانی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بەردەوام لە وتووێژدا بوونە لە ئاستی سیاسی و مافەوانی و تەکنیکی دا لەگەڵ لایەنی بریتانیایی بۆ وازھێنان لەو کردەوە نایاساییە.

وەک بەعیدی نەژاد نووسیویەتی: ئەمریکا بەو پەلەقاژەیەی لە ھەوڵی ئەوەدا بوو ھەتا ڕێگر بێت لە بەردەم ڕەوتی ئازاد کرنی نەوتبەرەکە کە ھەڵبەت بەرەوڕووی شکستێکی پڕ لە سوکایەتی بووەوە. لە ئێستادا ھەموو بەستێنێکی تەکنیکیی پێویست بۆ جوڵە پێکردنی نەوتبەرەکە بەرەو دەریای ئازادیش خۆش کراوەو پاپۆڕەکە بەم زووانە ناوچەی جەبەل تاریق بەجێ دێڵێ.

دیوانی باڵای جەبەل تاریق سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنج شەممە بڕیاردان لە بارەی ھەڵگرتنی بڕیاری دەستبەسەر کردنی نەوتبەری «گریس _١ »ی دوابەدوای داخوازیی ئعمریکا لە کاربەدەستانی ئەو وڵاتەو کارشکێنیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ھەتا ئێوارەی ئەمڕۆ پەک خستبوو.

کاربەدەستێکی باڵا لە نووسینگەی وەزیری یەکەمی دەوڵەتی جەبەل تاریق بە یۆرۆنیوزی ڕاگەیاندووە کە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای کردووە کە بە پێی ئەو بانگەشانەی کە لەبارەی نەوتبەری«گریس _١ »ەوە دەیکات، ئەم نەوتبەرە بە دەستبەسەری بمێنێتەوە.

هێزی دەریایی بریتانیا چوارەمی ژوئیە لە هەنگاوێکی نایاسایی دا نەوتبەری «گریس _١ » کە هەڵگری نەوتی ئێران بوو لە گەرووی جەبەل تاریق کە دەوڵەتە خۆجێییەکەی لەژێر دەستەڵاتی لەندەندایە،  ڕاگرت.

لەم ھەنگاوە نایاساییەدا، جیا لە ڕاگرتنی پاپۆڕەکە، چوار کەس لە ستافەکەشی لەوانە کاپیتانی پاپۆڕەکەش دەستبەسەر کران و پاساپۆرتەکانیشیان لێ سەندرا.