ئاب 19, 2019 13:11 Asia/Tehran
  • ساڵڕۆژی کودەتای ئەمریکی بیست و هەشتی گەلاوێژ

لە بیست و هەشتی گەلاوێژی١٣٣٢ی هەتاوی ژمارێک لە هێزەکانی ئەرتەش بەسەرۆکایەتی فەزلوڵا زاهیدی ، بە لەسەر دەور لادانی حکومەتی محەممەدی موسەدیق، محەممەد ڕەزا شای پەهلەوی کە پاش شکست هێنانی کودەتای بیست و پێنجی گەلاوێژ بەرەو رۆمی پێتەختی ئیتالیا هەڵاتبوو، بۆ جارێکی دیکە لەسەر تەختی پاشایەتیان دانا.

 

کودەتای ئەمریکی-ئینگلیزی ئاگۆستی١٩٥٣ کە ، لەسەر دەسەڵات لادرانی حکومەتی یاسایی ئەو کاتی ئێران(حکومەتی دوکتور موسەدیق)ی لێکەوتەوە، بیرهێنەرەوەی سەردەمێکی هەستیارە لەمێژووی سیاسیی ئێران پێش سەرکەوتنی شۆرشی ئیسلامی.

کودەتای٢٨ی گەلاوێژ بە گەڵاڵەداڕشتنی بەرفراوان و ئیمکاناتی دراڤی و چاوەدێری ڕێکخراوی سیخوڕیی ئەمریکا(سی ئای ئەی) و سوود وەرگرتن لە یارمەتی تۆڕە سیخوڕییەکانی ئینگلیز و چاپەمەنییە زنجیرەییەکان، پراکتیکی  وبە کردەوە جێ بەجێ کرا.

کرمیت روزڤێڵت لە بەرپرسانی باڵای سی ئای ئەی و گەڵاڵەداڕێژەرانی کودەتای٢٨ی گەلاوێژ بەو جۆرە دەنووسێ: سی ئای ئەی پاش ڕاگۆڕینەوەو وتووێژ لەگەڵ ئینگلیزیەکان، بڕیاری دا دەوڵەتی موسەدق بڕوخێنێ، چونکە موسەدق بە نەتەوەیی کردنی یەک ملیارد دۆلار دارایی بەشگەی نەوتی ئێران و ئینگلیز، بوو بەمایەی تووڕەیی دەسەڵاتە ڕۆژاواییەکان.

کودەتای بیست وهەشتی گەلاوێژ کە بەشێکە لە زنجیرە دەستتێوەردانەکانی ئەمریکاو ئینگلیز لە کاروباری ئێران لەسەردەمی سەرکەوتنی بزاڤی بەنەتەوەیی کرانی پیشەسازیی نەوت لەئێران، لە هەلومەرجێکدا ڕووی دا کە دادگەی نێودەوڵەتیی دادەوانیی لاهە لەمەڕ پرسی گرێبەستە نەوتییەکانی ئینگلیز و ئێران، بە قازانجی ئێران دەنگی دەرکردبوو.

لە چەند ساڵی رابردوودا، هەندێ بەڵگەی نوێ لەبارەی دەستتێوەردانی بیانییەکان لە کودەتای٢٨ی گەلاوێژ بڵاو کراوەتەوەو تەنانەت ژمارێک بەرپرسی ئەمریکی دانیان ناوە بە دەورگێڕانی ڕاستەوخۆی ئەو وڵاتەو ئینگلیز لەو کودەتایەدا.

 

سەرپەیڤ