ئاب 20, 2019 09:09 Asia/Tehran
  • شەمخانی: ئێران کۆڵ بە گوشارەکانی ئەمریکا نادات

نوێنەری مەقامی مەزنی ڕێبەری و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران پێی داگرت کە ئێران بەرامبەر بە گوشارەکانی ئەمریکا بەچۆکدا نایەت.

"عەلی شەمخانی" لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی "ئن. بی. سی نیوز"، ئەمریکای بە دەسدرێژکار و هۆکاری سەرەکیی کێشە و ناکۆکی لە ناوچەکە پێناسە کرد و وتی: لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن جەماوەرەوە داکۆکی و پشتیوانی لێ دەکرێ هەموو پیلان و گوشارەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو بەرەوڕووی شکست بوونەتەوە. 

بەڕێوەبەری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند کە کەمپەینی "زیاترین گوشار"ی دەوڵەتی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، نابێتە هۆی بەچۆکدا هاتنی ئێران و تاران ناگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستان. شەمخانی وتیشی: ئامانجی بایکۆت کرانی ئێران دانوستان نییە بەڵکوو ناچار کردنی ئێمە بە کۆڵدان و بەچۆکدا هاتنە، بەڵام هەتا ئەو کاتەی کە ئەمریکا ئەو ستراتژییە بگرێتە بەر ئێران لە دووی دانوستان نابێ. شەمخانی بە ئاماژە بە هەوڵەکانی ئێران لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە ناوچەکەدا بەتایبەت لە ئێراق و سووریا وتی: بە پێچەوانەی پڕوپاگەندای  ئەمریکا  ئێران هۆکاری سەرەکیی پاوەجێی ناوچەکەیە و گرینگترین دەوری گێڕاوە لە تیابردنی گرووپە تیرۆریستییەکان. شەمخانی هەروەها پێی داگرت کە ئێران لە دووی چەکی ئەتۆمیدا نییە لەبەر ئەوەی کە ئەو چەشنە چەکانە لە ئیسلامدا حەرامن و تەنانەت نەبۆتە هۆی ئاسایش و ئەهوەنی بۆ کەسانێکی وەک ئیسراییلیش کە خاوەنی ئەو چەشنە چەکانەن.

شیمخانی بە "ئن. بی. سی نیوز"ی گوت کە بێتوو ئەمریکا شەڕێکی سەربازی دژ بە ئێران دەست پێ بکات، ئێران ئامرازی جۆربەجۆری لە دەستدایە و ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی تووشی ڕەوشێکی نالەبار دەکات.