ئاب 20, 2019 16:53 Asia/Tehran
  • درێژەی ڕاوێژکاریی زەریف لەگەڵ بەرپرسانی ئوروپایی، دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سۆئێد

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەبەیانی ئەمرۆ سێ شەممە، لەدرێژەی ڕاوێژکاریی لەگەڵ بەرپرسانی ئوروپایی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سۆئێد دیدار و وتووێژی کرد.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران، "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران کە سەرلەئێوارەی رۆژی رابردوو(دووشەممە) گەیشتووەتە ستۆکۆڵمی سۆئێد، لەدیدار لەگەڵ "مارگوت والستروم"ی وەزیری دەرەوەی سۆئێد لەبارەی پرس و بابەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و چۆنیەتی کارکردی ئینستێکس وتووێژی کرد.

دیدار و وتووێژ لەگەڵ "ئان لیندە" وەزیری تیجارەتی سۆئێد، "کارل بیلت" سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی پێشووی سۆئێد و "ئێریک هونەل"ی خاوەن کەشتی ئینگلیزی ڕاگیراو لە ئێران، لە بەرنامەکانی ئەمڕۆی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ستۆکۆڵمە.

زەریف سبەیش چاوی دەکەوێ بە سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی سۆئێد و لەگەڵیاندا ڕاوێژ دەکا.

وەزیری دەرەوەی ئێران پێش ئەوە، لە سەفەر بۆ فەنلاند لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دیداری کردبوو و لەدرێژەی ڕاوێژکاریی لەگەڵ بەرپرسانی ئوروپایشدا بڕیارە سەردانی نەرویژ و پاشان سەردانی فەڕانسە بکا.