ئاب 21, 2019 08:48 Asia/Tehran
  • وەڵامی

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێشەو(سێ شەممە) بەبڵاوکردنەوەی سەنەدێک لە ئەرشیڤی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە توئیتەردا ، کاردانەوەی پێشاندا بە لێدوانی پڕووپووچی "برایان هوک" سەرۆکی "گرووپی جم وجۆڵ دژ بەئێران" لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە کودەتای٢٨ی گەلاوێژی ساڵی١٣٣٢ی کۆچی هەتاوی(١٩٥٣ی زایینی).

بەپێی ڕاپۆری پارس تودەی؛ "محەممەد جەواد زەریف" لەتوئیتەردا و لەوەڵامدانەوە بە "برایان هوک" نووسی؛ یان لەئەنقەست مێژوو مەگۆڕن یان ئەگەر زانیاریتان نییە لەمەڕ ڕووداوەکان، ئەرشیڤی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا موتاڵا بکەن.

برایان هوک رۆژی سێ شەممە لەنێو کۆڕی پەیامنێراندا ئیدیعای کردبوو، ڕێکخراوی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا "سی ئای ئەی" دەوری نەبووە لە کودەتا دژ بە سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئێران لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ی هەتاوی(١٩٥٣ی زایینی) دا.

ئیدیعای هوک لەمەڕ دەستتێوەرنەدانی سی ئای ئەی لە کودەتای٢٨ی گەلاوێژی١٣٣٢ی هەتاوی لەکاتێکدایە کە "جان کەری" وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا لە ساڵی٢٠١٦ لە دانیشتنێک لە زانکۆی شیکاگۆ دانی بەوەدانابوو کە ڕێکخراوی سی ئای ئەی ڕاستەوخۆ لە کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ و لەسەردەسەڵات لادرانی موسەدیق، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئێران لە ساڵی١٩٥٣ دەستی بووە.

لە بیست وهەشتی گەلاوێژی١٣٣٢ی هەتاوی، ژمارێک لە هێزەکانی ئەرتەشی رژیمی شا بەهاوکاری ئەمریکا و ئینگلیز، بە رووخاندنی حکومەتی "محەممەدی موسەدیق" (سەرۆک وەزیرانی ئەو کات) ، "محەممەدڕەزا پەهلەوی" کە بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتبوو، جارێکی دیکە لەسەر تەختی پاشایەتی دانایەوە. بە کەوتنی حکومەتی موسەدیق، ئەو حکومەتە ملهوڕ و ئیستعمارگەرانەی بۆ ماوەیەک دەستیان لەئێران بڕابوو، سەرلەنوێ گەڕانەوە ئێران.

کودەتای ئاگۆستی١٩٥٣ بەشێک لە دەسوەردانەکانی ئەمریکاو ئینگلیز لە سەردەمی سەرکەوتنی بزاڤی بەنیشتمانیی کرانی پیشەسازیی نەوت لە ئێران بوو.