ئاب 21, 2019 09:06 Asia/Tehran
  • چەواشەکاریی مایک پۆمپێئۆ لەدژ ئێران لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە جارێکی دیکە دەستی کرد بە دووپات کردنەوەی تۆمەت پاڵدان و ئیدیعاگەلی پڕووپووچی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس؛ "مایک پۆمپێئۆ" لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ تاووتوێی کێشەو ئاستەنگەکانی بەردەم ئاشتی وئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەراست، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تۆمەتبار کرد بە داکۆکی لە ترۆریزم و ئیدیعای کرد، ئێران ڕەوشی ئاسایشی ناوچەکە ناجێگیر دەکا.

پۆمپێئۆ لەو دانیشتنەدا ئیدیعای کرد، ئێران لەهەوڵدایە ترۆر لە عێراق، سوریاو یەمەن پەرەپێ بدات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها کەمکرانی وادەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کە بەگوێرەی بڕگەکانی٢٦و٣٦ی ئەو ڕێککەوتنە ئەنجامی گرتووە، بە پێشێلکەری ڕێککەوتنەکە ناوبرد و ئیدیعای کرد، بەرنامەی ئاشتیانەی ناڤۆکیی ئێران لەدژ پەیمانە نێودەوڵەتییەکانە.

پۆمپێئۆ بەرلەوەش هاوڕەوت لەگەڵ "دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە داکۆکی لە ترۆریزم و ئەنجامدانی کردەی تێکدەرانە لەناوچەو جیهان تۆمەتبار کردبوو.

ئەمریکا پاش چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەشێوەیەکی گشتداگر لەهەوڵی گوشار خستنەسەر ئێرانە.

دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا سێ شەممە هەشتی مای٢٠١٨ بەشێوەی یەکلایەنەو بە پێشێلکردنی وادەکانی واشنگتۆن هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وڵاتەکەی لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە کشاندەوەو گەڕانەوەی بایکۆتە ناڤۆکییەکانی ڕاگەیاند. ئەو کردەیەی ترامپ لەگەڵ ئیدانەکرانی بەرفراوانی ناوخۆیی و نێونەتەوەییدا بەرەوڕوو بووە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران دەوری بنەڕەتی دەبینێ لە بەرەوڕووبوونەوەی پیلانگێڕییەکان وکردەگەلی تەوەری ئەمریکی-زایۆنی لەناوچەدا.