ئاب 29, 2019 12:17 Asia/Tehran
  • «موحەممەد جەوادی زەریف»: ملکەچی گوشارەکان نابێت

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیمانەیەک دا لەگەڵ تەلەفزیۆنی چین «سی تی ڤی» پێی داگرت: گەلی ئێران نەک ھەر ملکەچی گوشارەکان نابێت، بەڵکو بە ھەموو توانایی و دەستەڵاتێکەوە بەرەو پێشکەوتنیش ھەنگاو ھەڵدەگرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممەی ئیرنا،«موحەممەد جەوادی زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژانی دووشەممەو سێ شەممەی ئەم حەوتەیە سەردانی پیکەنی کرد بوو، بە بەشداری کردنی لە بەرنامەی « چاودێری جیھانی»  کەناڵی ھەواڵیی «سی تی ڤی»، لە بارەی ڕێککەوتنی نێونەتەوەیی بەرجامەوە وتی: ئێران لە بەر ھەڵس و کەوتی لایەنەکانی دیکە بە تایبەت لەپاش کشانەوەی ئەمریکا لەم ڕێککەوتنەو بەرگەگرتنی ساڵێک گوشارو پاڵەپەستۆ، بڕێک لە بەڵێنمەندییەکانی خۆی کەم کردووەتەوە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە ھەتا ئێستا لە فەکتەرە ئابوورییەکانی بەرجام ھیچ قازانجێکمان نەکردووە، وتیشی: گەلی ئێران بەرامبەر بە داھاتوو گەلێک گەشبینەو پشتی بە بیانییەکان نەبەستووەو بە شێوەیەکی بەبڕشتانە بۆ پێشکەوتن ھەوڵ دەدات.

«موحەممەد جەوادی زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدرێژەی قسەکانی دا ئاماژەی کردە ھاوکارییەکانی ئێران و چین لە پرسی «جاددەی ھەورێشم»و وتی: ڕێگای ھەورێشم دەتوانێ ھەلی زۆر بۆ وڵاتان بڕەخسێنێت و ببێتە ھۆی گەشەی ئابووری، سڕینەوەی دەستکورتی، پێکھێنانی دامەزراوەی ژێرخانی و کەم کرانەوەی تاوانە واوە سنوورییەکان.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەروەھا دیالۆگی سیاسیی بە تاکەڕێگای چارەسەریی قەیرانی سووریا زانی وتی : ئێران ، ڕووسیاوتورکیا بۆ چارەسەریی قەیران و کۆتایی ھێنان بە تێکھەڵچوونەکان و بنەبڕ کردنی تیرۆریزم، ھاوکارییەکی باشیان بە وتووێژی سیاسی و دەستپێشخەریی کارا پێکەوە ھەبووەو لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردووش ئەم ڕێگایە تەواو سەرکەوتوو بووە.

سەرپەیڤ