ئه‌یلوول 07, 2019 08:07 Asia/Tehran
  • پەرچەکرداری یەکێتی ئوروپا بە جێ بەجێ کرانی هەنگاوی سێهەمی کەمکردنی بەڵێنیەکانی ئێران هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی

وتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا، بێ ئاماژە بە درێژەی پەیمان شکێنیی ئوروپییەکان لە کاردانەوە بە جێ بەجێ کرانی هەنگاوی سێهەمی کەمکرانی بەڵێنیەکانی ئێران هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، خوازیاری درێژەی پێبەندیی تاران بەو ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە بوو.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران، "مایا کوسیانچیچ" وتەبێژی "فدریکا مۆگرینی" بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا رۆژی هەینی بێ ئاماژە بە پەیمان شکێنی ئوروپا لە جێ بەجێ کردنی وادەکانی لەهەمبەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی، وتی: وادەو بەڵێنیی ئوروپا بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی گرێدراوی پێبەندبوونی بەتەواوەتی ئێران بەو ڕێککەوتنەیە.

کوسیانچیچ وتی: ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ، دەوری سەرەکیی دەبینێ لە چاودێری کردن و تاقی کردنەوەی ڕاستییەکان هاوپێوەند بە وادەو بەڵێنی ناڤۆکیی ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران، شەوی پێنج شەممە لە نامەیەکی بۆ "فدریکا مۆگرینی" بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا، جێ بەجێ کرانی هەنگاوی سێهەمی کەمکرانی وادەکانی ئێرانی ڕاگەیاند.

زەریف وێڕای ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی هەموو بەڵێنیەکانی ئێران هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەمەڕ لێکۆڵینەوەو گەشەپێدان، وتی: تاران وردەزانیاری تەکنیکی ئەو هەنگاوە دواتر بەئاگاداریی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی رادەگەیێنێ.

ئێران هەشتی مای٢٠١٩، ساڵێک پاش چوونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی و پاش سەلمێندرانی ناکارامەیی ڕێکارە پێشنیارکراوەکانی ئوروپا بۆ قەرەبووی شوێنهاتە ئابوریەکانی چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕایگەیاند؛ بەشێک لە بەڵێنیەکانی خۆی هەڵدەپەسێرێ.

ئێران تائێستا لە دوو هەنگاودا بەڵێنیەکانی خۆی کەم کردۆتەوەو بەپێی راگەیاندنی "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بڕیار بوو رۆژی هەینی سێهەم هەنگاو هەڵگرێ.

سەرپەیڤ