ئه‌یلوول 16, 2019 16:28 Asia/Tehran
  • موسەوی: کەمکردنی بەڵێنیەکانی ئێران لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا بەردەوام دەکرێ

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، کەمکرانی وادەو بەڵێنیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێونەتەوەیی ئەتۆمی، درێژەی دەبێ.

سەید"عەبباس موسەوی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی لە وەڵام بە پرسی هەواڵنێری بەشی دەرەوەسنوریی رادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران سەبارەت بە چۆنیەتی جێ بەجێ کرانی هەنگاوی سێهەمی کەمکردنی بەڵێنیەکانی ئێران و جێ بەجێ کرانی بەڵێنیەکانی ئوروپا لەهەمبەر ئەو ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەدا، وتی: ڕێککەوتنێک لەنێوان ئێران و پێنج کۆیەکدا ئەنجامی گرت کە پاش چوونەدەری یەک لە ئەندامان، باقی ئەندامان بەڵێنیان دا، چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی قەرەبوو بکەنەوە بەڵام تائێستا سەرکەوتوو نەبوون.

موسەوی بەئاماژە بەوەی کە وادەکانی ئوروپا لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ، پشت ئەستورە بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان، وتی: ئەوەی کە هێشتا ژمارێک وڵات دەبێ بۆ جێ بەجێ کردنی وادەکانیان لە وڵاتانی دیکە ئیزن وەربگرن، جێی شەرمەزارییە.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران پێی داگرت: تاران تاکاتێک کە هەست بەوە بکا کە لەجێ بەجێ کرانی بەڵێنیەکانی دوولایەن، هاوسەنگییەک هەیە، لەسەر وادەو بەڵێنیەکانی خۆی پێبەند دەمێنێ بەڵام بێتوو بگاتە ئەو ئەنجامە کە مانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کۆماری ئیسلامی لەئاراستەیەکدا نییە و بەرژەوەندییەکانی دابین ناکا، بێگومان بڕیاری پێویست دەگرێ لەچوارچێوەی هەنگاوی چوارەمدا.

سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی گشتی و میدیایی وەزارتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دانیشتنی سەرۆکانی ئێران، ڕووسیاو تورکیا لە ئانکاراش بەئاماژە بەوەی کە ئەو دانیشتنە لەبارەی جێ بەجێ کرانی ئاگربڕە، وتی: لە دانیشتنی ئەمڕۆدا هاواهەنگی و ڕێککەوتن ئەنجام دەگرێ لەئاستی سەرۆکاندا کە هەنگاوێکی ڕوو لەپێشەوەیە بۆ چارەسەریی قەیران لە سوریا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هەندێ لێدوان و بۆچوونی میدیایی سەبارەت بە دیداری سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا لە پەراوێزی حەفتاو چوارەمین کۆبوونەوەکانی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە نیۆیۆرک وتی: وەها چاوپێکەوتنێک لە بەرنامەی کاردا نییە. موسەوی لەبارەی تۆمەت پاڵدانە ئێران پاش ‌هێرشەکانی ئەم دواییەی فڕۆکەگەلی بێ فڕۆکەوان بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانیش وتی: یەمەن پێنج ساڵە کەبەرەوڕووی شەڕێکی خوێناوییە بۆیە ئاساییە کە گەل، سوپاو لێژنە جەماوەریەکانی ئەو وڵاتە کاردانەوە پێشان بدەن بە تاوانکاریی دەسدرێژکاران بۆسەر نیشتمانەکەیان.

موسەوی هەروەها وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە کە پاڵپشتی گەلی یەمەن ومافەکانیان دەکا بەڵام ئەوەی کە ئەو چەشنە کاردانەوە بەرگرییانەی جەماوەر و سوپای یەمەن بدرێتەپاڵ ئێران، لەئاراستەی "درۆکردنی زۆرینە" ودرێژەی بێ ئاکامییەکانیانە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها لەبارەی دەسبەسەرداگیرانی ماڵ و سامانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کەنادا وتی: جێ بەجێ کرانی ئەو بڕیارە لەدژ مافەکان و یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکانەو ئێران بەمافی خۆی دەزانێ هەتا مافەکانی بپارێزێ.

سەرپەیڤ