ئه‌یلوول 16, 2019 20:45 Asia/Tehran
  • پەرچەکرداری ئێران لەهەمبەر کردەی نایاسایی کەنادا

سەرۆکی دەزگەی دادی ئێران وتی: ئەگەر کەنادا دەستبەرداری نیازەکەی نەبێ بۆ دەسبەسەرداگرتنی نایاسایی سامان و داراییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، تاران کاردانەوەی دەبێ.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران، "سەید ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرۆکی دەزگەی دادی ئێران ڕۆژی دووشەممە بەئاماژە بە کردەی نایاسایی حکومەتی کەنادا لەمەڕ دەسبەسەرداگرتنی داراییەکانی ئێران، وتی: کردەی حکومەتی کەنادا تەواو نایاسایی و لەدژ هەموو پەیمانە نێودەوڵەتییەکانە.

ڕەئیسی بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە گەلی ئێران لەمەڕ هیچ پرس وبابەتێک ملکەچ نابێ، وتی: بێگومان کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕاگرتن و دەسبەسەرداگرتنی داراییە ناسراوەکانی کەنادا لەڕیی کۆڕ و نێوەندە نێودەوڵەتییەکان هەنگاو هەڵدەگرێ.

حکومەتی کەنادا لەم دواییەدا بەبیانووی داکۆکی لە قوربانیانی بانگەشەبۆکراوی ترۆریزم لە سەرتاسەری جیهان، بەشیک لە سامانی دەسبەسەرداگیراوی ئێران لەو وڵاتەی فرۆشت.

بەپێی ڕاگەیاندنی سەرچاوە کەناداییەکان، سامانی فرۆشراو پتر لە بیست وهەشت ملوێن دۆلار بووە.

بەرلەوە، سەید"عەبباس موسەوی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی لەپاراستنی مافەکانی گەلەکەی لەگەڵ هیچ حکومەتێک سازش ناکا، خوازیاری گەڕاندنەوەی خێرای ئەو مڵک و سامانانە بوو.

موسەوی وشداریی دا؛ بێتوو ئەو بڕیارە نایاساییە هەڵنەوەشێ و قەرەبووی خەسار و زیانەکە نەکرێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوتەریب لەگەڵ ڕێساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، مافەکانی دەستێنێ ، و لەو حاڵەتەشدا بەرپرسایەتی شوێنهاتەکانی ئەو کارە،  دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی کەنادا.