ئه‌یلوول 18, 2019 08:22 Asia/Tehran
  • سالحی: ئێران و فەرانسا بە نیازی ئامادە کردنی بەرنامەی ھاوکاریی زانستیانەن

سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران شەوی چوارشەممە لەپاش دیدار لەگەڵ « ژاک فرانسوا» سەرۆکی لێژنەی وزەی ناڤۆکیی فەرانسا لە ڤییەنا وتی: ئێران و فەرانسا بەنیازی ئامادەکردنی بەرنامەی ھاوکاریی زانستیانەن لە بوارە جۆربەجۆرەکانی وەک « تواندنەوە» و بوارە زانستییەکانی دیکە لە سیستێمی ئاسایشتی ناڤۆکی دا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، «عەلی ئەکبەر ساڵحی» سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە لێکگەییننامەی ئەم ھاوکارییانە ئامادە کراوەو ئێران لەم دواییەدا ڕاوبۆچوونی خۆی گواستووەتەوە بۆ فەرانسییەکان، وتی: پاریس خەریکی تاوتوێ کردنی لێکگەییننامەکەیە و ئەگەر بێتوو یەکلایی بکرێتەوە ئەوسا واژۆ دەکرێت و بەستێنێکی باش بۆ ھاوکاری خۆش دەکرێت.

«عەلی ئەکبەر ساڵحی» سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران لە درێژەدا تیشکی خستە سەر ھەنگاوە بەرجامیەکانی ئێران دوابەدوای کشانەوەی نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام و بێ بەڵێنیی ئەورووپییەکان لە ھەمبەر پەیمانەکەیانداو وتی: کەم کرانەوەی بەڵێنمەندییە بەرجامیەکانی ئێران لە ڕاستی دا ھەنگاوێکە لە ئاراستەی پاراستنی ڕێککەوتنەکە.

بریتانیا، فەرەنساو ئاڵمانیا دوای کشانەوە نایاساییەکەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە ھەشتەمی مای ٢٠١٨ بەڵێنی ئەوەیان دا کە بە پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێران ئەو ڕێککەوتنە ڕابگرن و نەھێڵن ھەڵوەشێتەوە. ئەم وڵاتانە سەرباری ڕاوەستانی سەرزارەکی و سیاسییان لە بەرامبەر ھەنگاوەکانی ئەمریکا لە ڕووی ڕاپەڕاندنی ئەو بەڵێنانەی کە بۆ پاراستنی ئەم ڕێککەوتنە دابوویان، کەچی ھەتا ئێستا ھیچ سەرکەوتنێکیان بەدەست نەھێناوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەشتەمی مای ٢٠١٩ لە یەکەم ساڵگەڕی  کشانەوەی یەک لایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و لەپاش سەلمێندرانی بێ بەڵێنیی لایەنی ئەورووپیی ڕێککەوتنەکە بۆ قەرەبوو کردنەوەی شوێنھاتە ئابوورییەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، ڕایگەیاند کە بەشێک لە بەڵێنەکانی بەرجامیی خۆی بە پێی بڕگەکانی ٢٦و ٣٦ی ئەم ڕێککەوتننامەیە ھەڵدەپەسێرێت.

ئێران ھەتا ئێستا لە سێ ھەنگاودا لە بەڵێنە بەرجامییەکانی خۆی کەم کردووەتەوە.

ئێران وێڕای پێداگرتن لە سەر بەردەوام کردنی کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی، ڕاشکاوانە پێی جەختی کردووە کە ئەگەر بێتو ھاوبەشە بەرجامییەکانی ھەنگاوی پێویست بۆ ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانیان ھەڵگرن، بە خێراییە دەگەڕێتەوە و لە ئاراستەی پێشوودا ھەنگاو ھەڵدەگرێت.

بە پێی بڕگەکانی ٢٦و ٣٦ی ڕێککەوتنی بەرجام، ئەگەر بێتوو لایەنی بەرامبەر پێبەندی بەڵێنەکانی نەبێت، ئێرانیش بۆی ھەیە بە شێوەیەکی گشتی و یان بەشێک لە بەڵێنەکانی خۆی ھەڵپەسێرێت.

 

سەرپەیڤ