ئه‌یلوول 18, 2019 16:52 Asia/Tehran
  • ئێران: ئیدیعا دژە ئێرانییەکانی ئەمریکا درۆن

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئیدیعاکانی بەرپرسانی ئەمریکی لەمەڕ دەستتێدابوونی ئێران لە هێرش بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی عەرەبستان، بەتەواوەتی درۆن.

بەپێی ڕاپۆری رۆژی چوارشەممەی ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە یادداشتێکی فەرمی بۆ باڵوێزخانەی سوئیس لە تاران(پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران) وێڕای شەرمەزارکردنی ئیدیعای حکومەتی ئەمریکا لەمەڕ دەوربینینی ئێران لە هێرش بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی عەرەبستان وتی: ئێران هیچ دەورێکی لەو هێرشەدا نەبووەو ئیدیعاکانی "دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆمار و "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، درۆیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەوشداریدان بە حکومەتی ئەمریکا، پێی داگرت: ئەگەر هەوڵێک دژ بەئێران ئەنجام بگرێ، ئەو کردەیە دەسبەجێ بەرەوڕووی وەڵامی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوەو تەنیا بە سەرچاوەی هەڕەشەکە بەرتەسک نابێتەوە.

یەکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سوپاو لێژنە جەماوەریەکانی یەمەن رۆژی شەممە لە وەڵامدانەوە بە تاوانکاریی هاوپەیمانیی سەعودی لە یەمەن، بە دە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خۆماڵی، پاڵاوتگەکانی "بقیق" و"خریس" سەربە بەشگەی نیشتمانیی نەوتی عەرەبستان"ئارامکۆ"ی پێکا.

پاش ئەو هەڵمەتە، "یەحیا سەریع" وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ هەڵمەتی ناوبراو لە چوارچێوەی مافی ئاسایی و ڕەوای یەمەنییەکان و لە وەڵامدانەوە بە تاوانکارییەکانی هاوپەیمانی دەسدرێژکار و گەمارۆی پێنج ساڵانی یەمەن ئەنجامی گرتووە.

بەڵام ئەمریکییەکان بەدووپات کردنەوەی ئیدیعا وبانگەشەی پڕووپووچ لەدژ ئێران، ئیدیعایان کردووە، تاران دەوری بووە لە هەڵمەتی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی یەمەنییەکان بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانی سەعودی.

سەرپەیڤ