ئه‌یلوول 22, 2019 09:17 Asia/Tehran
  • دەسپێبوونی هەفتەی بەرەڤانیی پیرۆز لە ئێرانی ئیسلامی

ئەمڕۆ (یەکشەممە) ٢٢ی سێپتەمبەر ڕێکەوتە لەگەڵ ساڵڕۆژی دەسپێبوونی شەڕی داسەپێندراوی ڕژێمی بەعسی ئێراق دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.

سوپای دەسدرێژکاری ڕژێمی سەدام (دیکتاتۆری لەسێدارەدراوی ئێراق) ٣١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٩ (سێپتەمبەری ١٩٨٠) بەو بۆچونە کە تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا دەس دەگرێ بە سەر تاران، پەلامارێکی بەربڵاوی بە دەکارهێنانی هەموو چەشنە چەک و کەرەستەی جەنگی بۆ سەر ئێران دەست پێ کرد.

٣١ی خەرمانان لە ڕۆژژمێری بۆنەکانی ئیراندا دەسپێکی هەفتەی بەرەڤانیی پیرۆزە؛ لەم هەفتەیەدا ، ڕێ و ڕەسمی جۆربەجۆر لە سەرانسەری ئێرانی ئیسلامی بەڕێوە دەچێ.

ڕژێمی بەعسی ئێراق ٣٩ ساڵ لەمەبەر بە ئامانجی ڕووخاندنی حکومەتی تازە دامەزراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە یارمەتیی هەمەلایەنەی ئیستیکباری جیهانی، شەڕێکی تۆکمە و تەواوی بە سەر ئێرانی ئیسلامی داسەپاند کە هەشت ساڵ درێژەی هەبوو.

سوپای ڕژێمی بەعسی سەدام لە ماوەی هەشت ساڵ شەڕی دژ بە ئێرانی ئیسلامیدا هەموو چەشنە داکۆکییەکی لە لایەن زلهێزانی ئیستیکباریەوە لێ دەکرا و یارمەتییەکی بەربڵاوی لە لایەن وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس لە بەردەستدا بوو و لە راستیدا ماشینی جەنگیی سەدام خرابوویە خزمەتی ئامانجەکانی بیانییەکان لە ناوچەکەدا.

ئەزموونی سەردەمی هەشت ساڵەی بەرەڤانیی پیرۆز ئەوەی سەلماند کە وێڕای هەموو کێشە و گرفتەکان و زەخت و گوشار و  نەبوونی بودجە و زۆر چەڵەمەی دیکە، دەکرێ بە ویست و ورەیەکی بەرز و پشت بەستن بە خودای تاکانە لە هەمبەر زۆربێژییەکانی زلهێزانی جیهانی خۆڕاگری بکەین.