تشرینی یه‌که‌م 14, 2019 19:48 Asia/Tehran
  • رۆحانی : پیلانگێڕیی دوژمنان بۆ زیان گەیاندن بە ئێرانی ئیسلامی شکستی هێناوە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە ئێران بەهۆشیاری، خۆڕاگریی و ڕاوەستان بارودۆخی نیوەقەیرانی تێپەڕاندووە، وتی: پیلانگێڕیی ئەمریکا، زایۆنیزم و دواکەوتوویی ژمارێک وڵاتی ناوچە، بۆ زیان گەیاندن بە ئێرانی ئیسلامی بەرەوڕووی شکست بووە.

"حەسەن رۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەئێوارەی رۆژی دووشەممە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی، بەئاماژە بەوەی کە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، ئەمریکا لەبەر زەخت وگوشاری توندڕەوانی ناوخۆیی، رژیمی زایۆنی و عەرەبستان لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران تائێستا سێ هەنگاوی کەمکردنی بەڵێنیەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێ بەجێ کردووەو ئەگەر لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە، پێبەندی بەڵێنیەکانیان نەبن، هەنگاوەکانی دواتری کەمکردنی وادەکانی ئێران جێ بەجێ دەکرێ.

سەرۆک کۆمار هەروەها وتی: ئەگەر بایکۆتە نایاساییەکان دژ بەئێران هەڵوەشێندرێ و بارودۆخ بۆ دانوستانی پێنج کۆیەک ئامادە بێ، تاران ئامادەی وتووێژ لەگەڵ هەر وڵاتێکدا دەبێ.

رۆحانی هەروەها بەئاماژە بەوەی کە کێشەوگرفتەکانی ناوچە دەبێ لەلایەن وڵاتانی ناوچەوە چارەسەر بکرێ، پێی داگرت: هەموو وڵاتانی ناوچەو جیهان دەبێ بزانن کە ناهێمنی و ئاڵۆزیی نانەوە لەناوچەدا بەمانای گوشار دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە بەڵکوو گوشارخستنەسەر ئاسایش و ئابوریی جیهانییە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بە کرانەئامانجی نەوتبەری ئێرانی لەنزیک لێوارەکانی عەرەبستان لەرۆژی هەینیدا، وتی: ئەوەی ئاشکرایە، رژیمێک ئەوکارەی بەیارمەتی ژمارێک وڵات ئەنجام داوەو هەر وڵاتێک کە ئەو کارەی کردووە، دەبێ چاوەڕوانی شوێنهاتەکانی بێ.

رۆحانی هەروەها لەبارەی ڕێوشوێنی ئێران بۆ پێش گرتن بە درێژەی ڕەوتی ئێستای باکوری سوریا، وتی: ڕێگاچارەی ئاسایشی تورکیاو نەهێشتنی نیگەرانیەکان، ئامادەبوونی سوپای سوریا لەباکوری ئەو وڵاتەیە بەڵام چوونی تورکیا بۆ خاکی سوریا بابەتێکی گونجاو نییەو دەبێ بۆ درێژەی ڕەوتی ئاستانە، هەوڵ بدرێ.

سەرپەیڤ