پێداگریی ئێران و ئاڵمان لەسەر کۆتایی هێنان بە هێرشی سەربازیی بۆسەر یەمەن و سوریا
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئاڵمان لەدیدار لەگەڵ یەکتری جەختیان کرد لەسەر پێویستیی کۆتایی هاتنی دەسدرێژکارییەکانی سەر یەمەن و سوریا.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "عەلی لاریجانی" رۆژی سێ شەممە لەپەراوێزی سەت و چل و یەکەمین دانیشتنی یەکێتی نێوان پەرلەمانەکانی جیهان(IPU) لەشاری "بێلگراد"ی پایتەختی سربستان لە دیدار لەگەڵ "کلاودیا روت" وتی: ئێران لەمەڕ هێرشی سەربازیی تورکیا بۆسەر سوریا نەیارەتی و ناڕەزایەتی خۆی ڕاگەیاندووە چونکە ئەو پەلامارە، دەبێتەمایەی کوشت وبڕ و ئاوارەبوونی خەڵکی بێتاوان و کێشەکانی سوریا ئاڵۆزتر دەکا.
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران هەروەها لەو چاوپێکەوتنەدا لەبارەی هێرشی سەربازیی عەرەبستان بۆسەر یەمەنیش وتی: ئەگەر سەعودیەکان ڕێگاچارەی سیاسی بۆ چارەسەریی قەیرانی یەمەن قەبووڵ بکەن، ئێران ئامادەی نێوەندگیرییە لەوبارەوە.
لاریجانی لەهەمان کاتدا وتی: ئەمریکا پێی وایە، هێشتا کاتی دۆشینی عەرەبستان کۆتایی پێ نەهاتووە.
"کلاودیا روت" جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئاڵمانیش لەدیدار لەگەڵ لاریجانیدا وتی: ئاڵمان لەمەڕ هێرشی سەربازیی تورکیا بۆسەر سوریا زۆر نیگەرانە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئاڵمان لەوەڵامی ئەو پرسیارەی لاریجانی لەمەڕ ئەوەی کە یەکێتی ئوروپا بۆ پرسی سوریا چی لەدەست دێ، وتی: یەکێتی ئوروپا داوای لە ڕووسیا کرد گوشار بخاتە سەر ئانکاراو ئەوەی کە چەکەمەنی بە تورکیا نەفرۆشرێ.
دەسدرێژکاریی سوپای تورکیا بۆسەر باکوری سوریا لەرۆژی چوارشەممە نۆی ئۆکتۆبرەوەو بەبیانووی "بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم" و "پاکتاوکرانی سنوری سوریاو تورکیا" لە ئامادەبوونی کوردەکان کە ئانکارا بەترۆریستیان دەزانێ، دەس پێ بووەو هەروا بەردەوامە.
هێرشی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا بۆ وێنە ڕەققەو حەسەکە لەئاستی ناوچەو جیهاندا شەرمەزار کراوە.