تشرینی یه‌که‌م 17, 2019 09:20 Asia/Tehran
  • عەراقچی: ئێران سوورە لە سەر هەڵگرتنی هەنگاوەکانی دواتری کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی

جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامی ڕاپەڕاندنی یەک لایەنەی ڕێککەوتنی بەرجام لە لایەن ئێرانی بە لۆژیکانە نەزانی و پێی داگرت: تاران سوورە لە سەر هەڵگرتنی هەنگاوەکانی دواتری کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، پێنجەمین خولی ڕاوێژی سیاسیی ئێران و سویید ڕۆژی چوارشەممە بە ئامادە بوونی سەیید عەبباس عەراقچی جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئانیکا سودێر جێگری وەزیری دەرەوەی سویید لە تاران دا بەڕێوە چوو.

عەراقچی لەم دانیشتنەدا بە دەربڕینی ئەمەی کە سیاسەتی کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی ئێران هەتا دابین کرانی داخوازییە جێی سەرنجەکان و مسۆگەر کرانی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێران لە چوارچێوەی بەرجام دا ناگۆڕدرێت، وتیشی: ئێران سەرباری کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام و داسەپێندرانی بایکۆت و ئەوپەڕی گوشار، هەوڵی داوە هەروا دەلاقەی هاریکاری و دیپلۆماسی بە کراوەیی بهێڵێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەورووپا تەنیا بە پشتگریی سیاسی بەسەندەی کردووە.

جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشی داگرت: کۆماری ئیسلامیی ئێران چاوەڕوانیی ئەوەی لە ئەورووپا هەیە کە هەڵوێستێکی کارا بگرێتە بەرو هەوڵی بوژاندنەوەی متمانەو ڕاگرتنی ڕێککەوتنی بەرجام بدات.

ئانیکا سودێر جێگری وەزیری دەرەوەی سوییدیش لە دانیشتنەکەدا وێڕای ڕوونکردننوەی خواستی سیاسیی سویید بۆ بەردەوام کردن و بەچالاک هێشتنەوەی هاوکارییە دوو قۆڵییەکان وتی: سویید هاوتەریب لەگەڵ یەکتیی ئەورووپا لە پارێزرانی بەرجام و ڕاپەڕاندنی ئەم ڕێککەوتنە کە گەرەنتی دەری بەرژەوەندی و هەڵگری ئاسەواری ئەرێنی بە تایبەت ئاسایشتییە بۆ تەواوی لایەنەکان، پشتگری دەکات.

ئاڵمانیا و بریتانیاو فەرەنسا دوای کشانەوەی نایاسایی ئەمریکا لە بەرجام لە هەشتەمی مای 2018، بەڵێنیان دا کە بە دەستبەر کردنی بەرژەوەندیی ئابووریی ئێران ئەم ڕێککەوتنە بپارێزن. ئەم وڵاتانە سەرباری وەستانی سەرزارەکی و سیاسی لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەی ئەمریکا کەچی هەتا ئێستا سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان لە هەنگاوی کردەیی و ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانیاندا نەبووە.

سەرپەیڤ