تشرینی یه‌که‌م 24, 2019 13:56 Asia/Tehran
  • زەریف:دەوڵەتی ئەمریکا ھاوبەشی تاوانەکانی ئیسرائیلە لە چەوساندنەوەی جەماوەری فەلەستین

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: سیاسەتی توندئاژۆیانەو یەک لایەنەخوازانەی ئەمریکا ھاوڕێ لەگەڵ سوک کردنی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان، شوێنێکی تێکدەرانەی لە سەر جەواوەری فەلەستین داناوە.

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ،ڕۆژی چوارشەممە لە دانیشتنی لێژنەی فەلەستینی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی بزوتنەوەی بێ لایەنەکان لە باکوو وای: دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا لە ھەڵس و کەوتی پاوانخوازانەی ڕژێمی داگیرکەری زایونی کە خوازیاری لاواز کردنی پرسی فەلەستینە، ھاوبەشی ئەو تاوانانە دێتە ئەژمار.

زەریف وێڕای ئاماژە کردن بە ھەنگاوەکانی تێکدەرانەی ئەمریکاو ڕژێمی زایونی بۆ دوژمنایەتی و ناکۆکی دروست کردن لەنێوان وڵاتانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، وتیشی: مەبەست لەو ھەنگاوانە کاڵ کردنەوەی گرفت و کوێرەوەرییەکانی جەواوەری فەلەستین و سەپاندنی زیانی دووبارە بە سەر ناوچەکەدایە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: ھەنگاوی سەرەڕۆیانەی ئەمریکا لەمەڕ گواستنەوەی باڵوێزخانەکەی بۆ قودسی پیرۆز سەرباری بڕیارنامەکانی ڕاشکاوانەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان، دەبێتە ھۆی تێکچوون و زەبر کەوتن لە ھەوڵەکان لە ئاراستەی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی دادگەرانەو پاوەجێ بۆ نەھێشتنی ئەم قەیرانە.

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە ڕەت کرانەوەی لێبڕاوانەی گەڵاڵەی ناسراو بە «سەودای سەدە» لە لایەن جەماوەرو سەرکردایەتیی فەلەستینەوە، پێی داگرت: ھەر چەشنە گەڵاڵەو داھێنانێک بەبێ ڕەچاو کردنی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و خەمسارد بوون لە ھەمبەر مافی سیاسی و مرۆڤیی جەماوەری فەلەستین، بێ گومان بە شێوەیەکی سەرشۆڕانە تووشی شکست دێت.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕوو لە وڵاتانی ئەندامی بزوتنەوەی بێ لایەنەکان وتیشی: وڵاتانی ناوچەکە دەبێ کەڵکەڵەی متمانەکردن بە ڕژێمی زایونی و ئەمریکا لە مێشکیاندا بسڕنەوە.

کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی بزوتنەوەی بێ لایەنەکان لە ڕۆژی ڕابردووەوە لە باکووی پێتەختی کۆماری ئازەربایجان دەستی پێکراوەو لە ئێستاش دا بەردەوامە.

ئێستاکە ١٢٠ وڵاتی جیھان ئەندامی فەرمی و ١٧ وڵاتیش ئەندامی چاودێری بزوتنەوەی بێ لایەنەکانن.

سەرپەیڤ