تشرینی دووه‌م 08, 2019 15:40 Asia/Tehran
  • هەنگاوی چوارەمی ئێران، شکست هێنانی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئەمریکا، سەرۆکی شەڕانگێزی و پێکهێنەرو لایەنگری داکۆکیی تیرۆریزم لە جیهان دایە.

سەید عەبباس موسەوی شەوی پێنج شەممە لەکاردانەوە بە لێدوانی دژە ئێرانیی "مۆرگان ئورتاگوس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: ئاخۆ بیستنی ئەو جۆرە ئاخاوتنە لە رژیمێک کە لەڕاستیدا سەرۆکایەتی شەڕانگێزی و یەکلایەنخوازیی لەجیهانی لەئەستۆیەو پێکهێنەر، پاڵپشت و لایەنگری ترۆریزم لەجیهانە، هەندێ سەیر نییە؟

مۆرگان ئورتاگوس لەکاردانەوە بەهەنگاوی چوارەمی کەمکرانی وادەکانی ئێران هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە لێدوانێکی دژە ئێرانیدا، بە بۆچوونی خۆی هەنگاوی چوارەمی ئێرانی بە جۆرێک باجخوازی و بەرتیل وەرگرتنی ناڤۆکی ناوبردو داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد زەخت وگوشار لەسەر ئێران زیاد بکا.

ئەمریکا بە چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە هەشتی مای٢٠١٨و گرتنەبەری سیاسەتی "گوشاری زۆرینە" لەدژ ئێراندا، نەیتوانیوە ئامانجەکانی مسۆگەربکا، چونکە گەلی ئێران بە "خۆڕاگریی زۆرینە"، سیاسەتی زۆربێژانەو یەکلایەنخوازانەی ئەمریکای لەبەرامبەرخۆیدا پووچەڵ کردۆتەوە. بەواتایەکی دیکە دەکرێ بڵێین، کۆی سیاسەتی گوشاری زۆرینەی ئەمریکا لەدژ ئێران، تەریک کەوتنەوەی واشنگتۆنی بەدواوە بووە کە جێ بەجێ کرانی هەنگاوی چوارەمی کەمکردنی وادەکانی ئێران و جۆری هەڵوێست گرتنی ئەمریکا، پێشاندەری ئەو بابەتەیە.

راپۆرەکانی ئەم دواییەی سندوقی نێونەتەوەیی دراڤ و بانکی جیهانی لەمەڕ جوڵەی ئابوریی ئێران بەرەو گەشەی ئەرێنی و دەربازبوونی ئێران لە ئابوریی پشت بەستوو بە نەوت، گشتی پێشاندەری شکست هێنانی سیاسەتی بایکۆت و ڕەوتی یەکلایەنەی ئەمریکا لەدژ ئێرانە. جیاکردنەوەی نەوت لە ئابوری، پێشاندەری جۆراوجۆربوونی داهاتە ئابوریەکان لە ئێرانەو هەر ئەو جۆراوجۆریە، ئابوریی ئێرانی خستووەتە ڕێبازی گەشەوە. هەرلەوبارەوە، گۆڤاری ئەمریکی فارن ئەفرز رۆژی پێنج شەممە لە کاردانەوە بە هەنگاوی چوارەمی ئێران نووسی: ئێران بایکۆتەکانی ئەمریکای سەرکەوتووانە تێپەڕاندووەو چالاکیی ناڤۆکی و دەوربینینی ئێران لەناوچەش هەروا بەردەوامە. بەرلەوە، ئەمریکییەکان ئیدیعایان کردبوو، هەڕەشەو گوشاری زۆرینە ڕێگرە لەبەردەم درێژەی چالاکیی ناڤۆکیی ئێران و کەمکرانی ئاستی کارتێکەریی ئێران لەناوچەی رۆژاوای ئاسیادا. هەنگاوی چوارەمی کەمکردنی وادەکانی ئێران هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەریخست کە پێشکەوتن و گەشەی ئاشتیانەی چالاکییە ناڤۆکییەکانی ئێران بەبایکۆت و گوشاری بەرفراوانی ئەمریکا ناوەستێندرێ و ئەوەش پێشاندەری خۆماڵی کرانی تەکنۆلۆژیا لە ئێرانە. ئەمریکییەکان جگە لە شێوازی یەکلایەنخوازانە، بە هەڕەشەو تۆقاندنی وڵاتانی دیکەش لەهەوڵدان ، وڵاتانی دیکە هاوڕەوتی خۆیان بکەن دژ بەئێران و ئەو بابەتە، لە پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی بێ ئەمریکا بەرچاو دەکەوێ. هەرلەوبارەوە، "سێرگئی لاڤرۆف" وەزیری دەرەوەی ڕووسیا رۆژی پێنج شەممە ڕەوتی کەمکرانی وادەکانی ئێرانی گەڕاندەوە بۆ ڕەفتاری ئەمریکاو ئوروپا و وتی: ئەمریکا نەک هەر پەیمان و بەڵێنیەکانی خۆی بە لادان لەیاسای مافی نێودەوڵەتی بەزاندووە، بەڵکوو بە هەڕەشەی سزادان لەڕێی بایکۆتەوە، هەموو وڵاتانی جیهانی قەدەغە کرد لە جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی. هەوڵە نوێکانی ئێران سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، کاردانەوەی یاساییە بە ڕەفتارەکانی ئەمریکاو ئوروپا و هەروەها مافی رەوای ئێرانە کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا بەرچاو کەوتووە. لە وەها بارودۆخێکدا، وڵاتێک کە بەئیدیعای ئەمریکا باجخوازیی ناڤۆکی دەکا، ئێران نییە، بەڵکوو ئەوە ئەمریکایە کە بەدانانی شەرت و مەرج، هەڕەشەو ترساندنی هەمووان لەهەوڵی دابین کردنی بەرژەوەندیی زۆردارانەیەتی هەمبەر بە ئێران.

سەرپەیڤ