تشرینی دووه‌م 14, 2019 22:04 Asia/Tehran
  • سی و سێهەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی وەحدەتی ئیسلامی

سی و سێهەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی وەحدەتی ئیسلامی بەدروشمی "وەحدەتی ئۆممەتی ئیسلام بۆ بەرەڤانی لە مزگەوتی ئەقسا" ئەمڕۆ پێنج شەممە لەتاران دەسپێکرا.

لەو کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەدا کە بەئامادەبوونی٤٠٠کەس لە کەسایەتییە سیاسیەکان، بیرمەندان و مامۆستانای زانکۆکان لە ٩٠ وڵاتی جیهان ئامادەن، گرینگترین پرس وبابەتەکانی رۆژی جیهانی ئیسلام، دەخرێتەبەر باس و لێکۆڵینەوە.

لە سی و سێهەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی وەحدەتی ئیسلامی، دە کەسایەتی هەڵکەوتە دەناسێندرێن و لە پێنج کەسایەتی هەڵکەوتەی جیهانی ڕێزدەگیردرێ.

لە جڤینی وەحدەتی ئیسلامیی ئەمساڵ، چوار کۆمیسیۆن و ١٦ دانیشتنی پسپۆری بەڕێوە دەچێ کە تایبەتمەندیی بەرچاویان گرینگیدانی تایبەت بە گەنجان بەتایبەت گەنجانی بواری خۆڕاگرییە.

میوانانی سی و سێهەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی وەحدەتی ئیسلامی شەوی ڕابردوو(چوارشەممە) بەئامادەبوون لەسەر مەرقەدی ئیمام خومەینی(ڕە) ڕێزیان گرت لە پلەوپێگەی بەرزی دامەزرێنەری کەبیری کۆماری ئیسلامیی ئێران.

"حەسەن ڕۆحانی"  سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رۆژی پێنج شەممە لەڕێوڕەسمی دەسپێکرانی سی و سێهەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی وەحدەتی ئیسلامی لەتاران، فەلەستین و قودسی پیرۆزی بەگرینگترین پرسەکانی جیهانی ئیسلام زانی و وتی: بیروڕای گشتیی جیهانی ئیسلام ڕێگە بەدوژمنان نادا پرسی فەلەستین و قودسی پیرۆز لەبیربکرێ.

ڕۆحانی بەئاماژە بە بێ ئاکامیی سیاسەتەکانی ئەمریکاو رژیمی زایۆنی لەسای بێداری و هۆشیاری جیهانی ئیسلام، وتی: کوشت وبڕی خەڵکی ئەفغانستان، کوشتاری خەڵکی عێراق و خەڵکی ستەملێکراوی یەمەن و دووبەرەکی نانەوە لەنێو وڵاتانی ئیسلامی، لە شوێنهاتەکانی پیلانگێڕیی نگریسی ئەمریکا لەناوچەدا بووە.

رۆحانی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە فەلەستین دەبێ بەدەست فەلەستینیەکان و موسڵمانانی قارەمانی ئەو ناوچە، ڕزگار بکرێ، وتی: بەرەی لاو دەبێ لەوە تێبگات کە ئەمریکا دۆست وبرادەری گەلانی ناوچەو موسڵمانان نەبووەو نابێ و چارەسەریی پرس و کێشەکانی ناوچە دەبێ بەدەست خەڵکانی ئەو ناوچەیە ئەنجام بگرێ.

سەرۆک کۆماری ئێران وێڕای دەربڕینی مەخابنی لە سازانی چەند وڵاتی ئیسلامی لەگەڵ رژیمی زایۆنی و کەڵک وەرگرتن لە ئیمکاناتی هەواڵگریی ئەو رژیمە لەدژ گەلانی موسڵمان و رەوتی خۆراگری، پێی داگرت: کۆماری ئیسلامیی ئێران لەریزی پێشەوەی بەرەوڕووبوونەوەی رژیمی زایۆنی وئەمریکایە لە بەرەڤانی کردن لە گەلی فەلەستین.
سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها لەو ڕێورەسمەدا پەردەی لادا لەسەر ١٢ کتێبی هەڵبژاردەی کۆڕبەندی جیهانیی لێک نزیک کردنەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان.

سی و سێهەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی وەحدەتی ئیسلامی هەتا دوو رۆژی داهاتوو درێژە دەدا بە چالاکییەکەی لەتاران

 

سەرپەیڤ