تشرینی دووه‌م 17, 2019 12:30 Asia/Tehran
  • ڕەییسی: بانگەشەکارانی مافی مرۆڤ دەبێ لەبەر دڕندەکارییەکانیان دادگایی بکرێن

سەرۆکی هێزی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی یەکشەممە لە ئاهەنگی کۆتایی هاتنی سی و سێهەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی یەکگرتنی ئیسلامی لە تاران وتی: ئەوەی وا بانگەشەکارانی مافی مرۆڤ بەتایبەت ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان لە یەمەن، فەلەستین و ناوچە جۆربەجۆرەکانی جیهانی ئیسلام دژی جەماوەری بێ دەرەتان ئەنجامی دەدەن، تاوان و دڕندەکارییە و هەر لەبەر ئەمەش دەبێ بکەونە بەر پەیگەڕو دادگایی بکرێن.

بەپێی ڕاپۆرتی پارس تودەی، حوججەتولئیسلام وەلموسلمین «سەیید ئیبراهیم ڕەییسی» سەرۆکی هێزی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای پێداگری لە سەر ئەمەی کە بەدواداچوون بۆ ڕۆژئاواو ئەمریکا وەکو تۆمەتبارێک ئەرکی سەرشانی تەواوی مافناسان و بیرمەندانی جیهانی ئیسلامە، وتیشی: بەپێی پەیمانە نێونەتەوەییەکان، ئەمڕۆ گەورەترین دڕندەکارانی دژی مرۆڤایەتی، ئەمریکییەکان و زایونییەکانن.

سەرۆکی هێزی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران تیشکی خستەسەر کێشەی فەلەستینیش و وتی: ئەمڕۆ ئەوەی وا لە فەلەستین دا دەستی باڵایەو دۆخەکەی لە سەر بنەمای دین و بایەخە ئیلاهییەکان و فێرکارییەکانی پێغەمبەری نازداری ئیسلام (ص) بە قازانجی خۆی شکاندووەتەوە، خەباتکارانی فەلەستینین.

حوججەتولئیسلام وەلموسلمین «سەیید ئیبراهیم ڕەییسی»  ڕزگار بوونی فەلەستین و قودسی پیرۆزی بە بابەتێکی بە تەواوی مسۆگەر زانی و پێی داگرت کە فەلەستین و ڕزگار بوونی قودس یەکەم ئەوبەرایەتیی جیهانی ئیسلامە.

سەرۆکی هێزی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی کردە وتەکانی حەزرەتی ئایەتووڵڵا عوزما سەیید عەلی خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ گرینگایەتیی پێکهاتنی یەکگرتن لە بواری جۆربەجۆر، خۆبواردن لە ناکۆکی و قۆستنەوەی تەواوی دەرفەت و بارستاییەکان بۆ خۆش کردنی بەستێنی شارستانیەتی ئیسلامیش و وتی: هێماکانی شارستانیەتی ئیسلامی لە جیهاندا دەرکەوتوون و پێکهاتنی شارستانیەتێک بەناوی دین لەئێستادا بە تەواوی خەریکە مسۆگەر دەبێت.

سی و سێهەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی یەکگرتنی ئیسلامی لە بە دروشمی « یەکگرتنی ئوممەتی ئیسلام بۆ بەرەڤانی کردن لە مزگەوتی ئەقسا» بە ئامادە بوونی 400 کەس لە کەسایەتییە سیاسییەکان، بیرمەندان و زانکۆییەکان لە 90 وڵاتی جیهانەوە لە ماوەی ڕۆژانی پێنج شەممەو هەینی و شەممە لە تاراندا بەڕێوە چوو.

جێگای ئاماژەیە کەسایەتییەکانی بەشداری سی و سێهەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی یەکگرتنی ئیسلامی لە بەیاننامەیەک دا لە هەڵوێستە بنەمایی و پتەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ بەرەڤانی کردن لە فەلەستین، مزگەوتی ئەقسا و بەرەی خۆڕاگری ڕێزیان گرتووە و دوژمنایەتی و هەنگاوی ناڕەواو شەڕی ئابووریی دەوڵەتی ئەمریکا دژی گەلی ئێرانیان شەرمەزار کردووە.