کانونی یه‌که‌م 06, 2019 17:48 Asia/Tehran
  • دەست پێ بوونی دانیشتنی لێژنەی هاوبەشی ڕێککەوتنی بەرجام لە ڤییەنا

چواردەهەمین دانیشتنی لێژنەی هاوبەشی ڕێککەوتنی بەرجام دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادە بوونی نوێنەرانی وڵاتانی هەنوکە ئەندامی ئەم ڕێککەوتنە و یەکێتیی ئەورووپا دەستی پێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی ئیرنا، ئەم کۆبوونەوەیە بە سەرۆکایەتیی (سەیید عەبباس موسەوی) یاریدەری وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و (هیلگا شمیت) یاریدەری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و لە ئاستی یاریدەران و بەڕێوەبەرانی گشتیی سیاسیی ئێران و تاقمی چوارکۆیەک داگری بریتانیا، ئاڵمانیا، فەرەنسا، چین و ڕووسیا لە بینای نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لە ڤییەنا بەڕێوە دەچێت.

ئەم کۆبوونەوەیە بڕیار وا بوو وەک هەموو جارێک لە هوتێل کوبورگی ڤییەنا بەڕێوە بچێت، کەچی لەبەر درانی مۆڵەتی گرد بوونەوە بە دەستەیەک لە لایەنگرانی تاقمە جیایی خوازو دەی شۆڕشەکان لە بەردەم بینای هوتێل کوبورگ و هەگەری تێکشێواندن و لەمپەر ساز کردنیان لە بەردەم ڕەوتی دانیشتنەکەی لێژنەی هاوبەشی ڕێککەوتنی بەرجام، شاندەکەی ئێران ناڕەزامەندی دەربڕی و هەڕەشەی بەجێ هێشتنی کۆبوونەوەکەی کرد، کە لە ئەنجام دا شوێنی بەرپا کردنی کۆبوونەوەکە بۆ بینای نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لە ڤییەنا گوێزرایەوەو کۆبوونەوەکە بە کاژێرێک وەدوا کەوتن بەڕێوە چوو.

چواردەهەمین دانیشتنی لێژنەی هاوبەشی ڕێککەوتنی بەرجام  مانگێک دوای دەستپێکی هەنگاوی چوارەمی ئێران لەمەڕ کەم کردنەوەی بەڤێنە بەرجامییەکانی بەڕێوە دەچێت.

ئاڵمانیاو فەرەنساو بریتانیا لەپاش کشانەوەی نایاسایی و یەک لایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام لە هەشتەمی مای 2018 بەڵێنیان دا کە وێڕای دەستەبەر کردنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێران، ئەم ڕێککەوتنە بپارێزن کەچی هێشتاش هیچ هەنگاوێکی کرداریی کاریگەریان لەم ئاراستەیەدا هەڵنەگرتووە.