کانونی یه‌که‌م 23, 2019 15:38 Asia/Tehran
  • جەختی ڕۆحانی لە سەر پەرە پێ دانی زیاتر لە جارانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ھیند

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە سەر پەرە پێ دان و پتەوکردنەوەی زیاتر لە جارانی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و نیودلھی پێی داگرت.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی دووشەممە لە دیداری «سابرامانیام جایشانکار» وەزیری کاروباری دەرەوەی ھیند لە تاران، بەڕێوەچوونی لێژنەی ھاوبەشی ھاوکارییەکانی نێوان دوو وڵاتی بە ھۆکاری پەرەسەندنی پەیوەندیی ھەمەلایەنەی ھەردووک وڵات زانی و وتیشی: گومان لەوەدا نییە کە بە ویستی لێبڕاوانەی ئێران و ھیند، لە داھاتوودا پەیوەندی و ھاوکارییەکانی نێوان ھەردووک لا زیاتر پەرە دەستێنێ.

ڕۆحانی ھەروەھا بە دەربڕینی ئەمەی کە دابین کردن و پاراستنی ئاسایشتی ناوچەکە بۆ ئێران و ھیند گرینگایەتییەکی زۆری ھەیە، وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دووی کەم کردنەوەی ئاڵۆزییەکان و دابین کردن و پاراستنی ئاسایشتی پاوەجێ لە ناوچەکەو بە تایبەت لە کەنداوی فارس و دەریای عوماندایە.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھاوکارییە چەند قۆڵییەکانی ئێران و ھیند لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە گرینگ دەزانێ و ئینجا پێشی داگرت:ئەمریکا ناچارە درەنگ یان زوو پێش و یان پاش ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی خۆی واز لە ئەوپەڕی گوشاری سەر ئێران بھێنێت.

«سابرامانیام جایشانکار» وەزیری کاروباری دەرەوەی ھیندیش وێڕای پێداگرتن لە سەر پەرە پێ دانی ھاوکارییەکانی کەرتی دەوڵەتی و تایبەتیی دوو وڵات،وتیشی: ئێران و ھیند پەیوەندییەکی گەرم و گوڕو لەمێژینەیان پێکەوە ھەیە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ھیند بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە پەرە پێ دانی پەیوەندیی نێوان بانکەکانی ئێران و ھیند لە ڕووی برەو پێ دانی پەیوەندی و ھاوکاریی بازرگانی و ئابووریی نێوان دوو وڵات گرینگایەتیی تایبەتیی ھەیە، وتیشی: ھاوکارییەکانی ئێران و ھیند لە بەندەری چابەھاری باشووری ڕۆژھەڵاتی ئێران، بە باشی خەریکە بەڕێوە دەچێت و دەبێ لە ئاراستەی خێراکردنەوەی ڕەوتی ڕاپەڕاندنی پرۆژەکان لەم ناوچەیەدا ھەوڵ بدرێت.

دانیشتنی لێژنەی ھاوبەشی ئابووریی ئێران و ھیند ڕۆژی یەکشەممە بە ئامادە بوونی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی دوو وڵات لە تاراندا بەڕێوە چوو.

سەرپەیڤ