موسەوی ڕوو لە مەکرۆن: ئەو خەلیجەی لە باشووری ئێراندایە تەنیا یەک ناوی هەیە و ئەویش کەنداوی فارسە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەر لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە کاردانەوەی نیشان دا بە ئاکاری پڕسووکایەتیی "ئیمانۆ ئێل مەکرۆن"ی سەرۆک کۆماری فەرەنسا لەمەڕ دەکار هێنانی ناوێکی ساختە بۆ کەنداوی فارس.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "سەید عەبباس موسەوی" لە تویتەردا ڕوو لە مەکرۆن نووسی: ئەو خەلیجەی لە باشووری ئێراندایە تەنیا یەک ناوی هەیە و ئەویش کەنداوی فارسە. بوونی هێزی سەربازیی ئێوە لە کەنداوی فارس هەر ئەوەندەی بەکار هێنانی ناوی نادرووست بۆ ئەو شوێنە، هەڵە و نادرووستە. هەر دووکیان هەڵەی گەورەن بەڵام قەرەبوو کردنەوەیان گونجاوە."
موسەوی ئەو تویتەی بە سێ زمانی، فەرەنسی، ئینگلیزی و فارسی بڵاو کردەوە.
مەکرۆن ئەمدواییە لە تویتێکدا بۆ ئاماژە کردنە ناوی کەنداوی فارس ناوێکی ساختەی بە کار هێنابوو.
کەنداوی فارس ئاوەڕێیەکە کە لە تەنیشت دەریای عومان و لە نێوان ئێران و شێوەدورگەی عەرەبستاندا هەڵکەوتووە.
ناوی مێژوویی ئەو کەنداوە، لە زمانە جۆربەجۆرەکاندا "کەنداوی فارس" یان دەریای پارس" بووە.
ژمارێک وڵاتی عەرەبی کەنداوی فارس لە ساڵانی ئەمدواییەدا بە هۆی دنەدران لە لایەن ئیستیعماری ڕۆژاواوە هەوڵیان داوە بۆ گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس؛ ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو کەنداوە هەر لە کۆنەوە ناوی هەر ئەوە بووە و هەرگیز نەگۆڕدراوە.
کەنداوی فارس وەکوو گرینگترین بوارگەی نەوتیی جیهان پێوەندییەکی نەپچڕاوی لەگەڵ ژیار و شارستانییەتی ئێران هەیە و لەو ناوانەی دێتە ئەژمار کە هەر لە ڕابردووە تا ئێستا لە بەڵگەکان، نووسراوە و نامە و پەیمان و گرێبەستەکانی نێوان هۆز و نەتەوەکانی دوور و نزیکدا بەکار دەهێندرێ.