کانونی دوھەم 20, 2020 13:16 Asia/Tehran
  • وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: زەریف ناچێتە داڤۆس،ئێران هەنگاوی کۆتایی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی هەڵدەگرێت

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: سەرەڕای بانگهێشتی فەرمی و سەرەتایی لە محەمەد جەواد زەریف بۆ بەشداریی لە کۆڕبەندی داڤۆس، ئەو بەرنامەیە هەڵوەشایەوە، هەر بۆیە زەریف ناچێتە داڤۆس.

 بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەید عەباس مووسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەمە لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی حەوتانەی خۆیدا باسی لە دوایین گۆرانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان کرد.

 مووسەوی وێرای سەرەخۆشی دووبارە بە بۆنەی شەهادەتی موسافرەکانی فڕۆکەی ئۆکراینی هاوخەمی دەوڵەت و گەلی ئێرانی لە گەڵ بنەماڵەی کۆچکردووەکانی ئەم ڕووداوە دەربڕی.

 مووسەوی وتی: بڕیار بوو زەریف لەم ڕۆژانەدا بچێتە داڤۆس بۆ بەشداریی لە  کۆڕبەندی جیهانیی ئابووری بەڵام ئەم سەفەرەیان هەڵوەشاوەتەوە و ناچێت.

 ڕاشیگەیاند کە سەرکردەیەکی باڵای ناوچەکە سبەینێ سەردانی تاران دەکات و ئەگەر سەفەرەکەی یەکلایی بووەوە دواتر ڕادەگەیێندرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها سەبارەت بە ڕێکخستنی مکانیزمی چارەسەریی کێشەکان لە رێککەوتنی ناڤۆکیدا  وتی: ئێمە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیداین و بەڵێنەکانمان هاوتەریب کردووە لە گەڵ ئەو هەنگاوانەی لایەنی بەرامبەر هەڵیگرتووە، ئێران دوای کشانەوەی ئەمریکا لە  رێککەوتنەکە ڕایگەیاند کە لە نێوان ماف و ئەرکەکانیدا هاوسەنگی دروست دەکات، ئەوەی مافی خۆی بێت دەیکات و ئەنجامەکەشی بووە کەم کردنەوەی بەڵێنە ناڤۆکییەکانی و دوایین هەنگاومان هەڵگرت.

وتیشی: ئێران رایگەیاندووە کە پابەندە بە  رێککەوتنی ناڤۆکی  و ئەم کارەش دەکات بەڵام بۆ ئێمە کردەوە گرینگە کە تا ئێستا شتێکمان لە لایەنی بەرامبەر نەبینیوە. هەنگاوی پێنجەم هەنگاوی کۆتایی کەم کردنەوەی بەڵێنەکانمان بە گوێرەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بووە و ئەگەر ئەم قسە و کردەوانە بەردەوام بێت ، هەنگاوی کۆتایی و کاریگەر هەڵدەگرین .