کانونی دوھەم 22, 2020 18:18 Asia/Tehran
  • موسەوی: ئامادە بوونی ھێزمەندانەو کنەی مەعنەویی ئێران لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە دوژمن بە تیرۆر کردنی سەرداری سپەھبۆد «قاسم سولەیمانی» بە نیازی کەم کردنەوەی دەستڕۆییشتوویی و ئامادە بوونی ئێران لە ناوچەکەدایە،وتیشی: ئامادە بوونی ھێزمەندانەو کنەی مەعنەویی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت.

«سەیید عەبباس موسەوی»وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە بەرنامەی «باسی ڕۆژ»ی ڕادیۆی ئێران سەبارەت بە تیرۆری سەرداری سپەھبۆد «قاسم سولەیمانی» فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، وتیشی: تیرۆری ئەم سەرکردە باڵایە زیانێکی قەرەبوو نەکراوە، بەڵام بەرەکەتی خوێنی ئەم شەھیدە وزەیەکی زۆری بە دنیا داوەو لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی دنیا خەڵک بە شێوەی خۆڕسک لە بەردەم باڵوێزخانەکانی ئەمریکا کرداری تیرۆریستیی ئەو ڕژێمەیان شەرمەزار کرد.

«سەیید عەبباس موسەوی»وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە یەکەم بەرھەمی خوێنی سەرداری سپەھبۆدی شەھید «قاسم سولەیمانی»و ھاوسەنگەرە شەھیدەکانی داخوازیی پارێزرانی یەدەنگیی دەوڵەت و گەلی عێراق بۆ وەدەرنانی لەشکریانی دەست درێژکاری ئەمریکی لە خاکی ئەو وڵاتە بووە، وتیشی: پەرلەمانی عێراق یاسایەکی تێپەڕاندووە کە لە لایەن دەوڵەت و گەلی ئێرانەوە پشتگریی لێ دەکرێت و خواستی تەواوی گەلانی ناوچەکەشە.

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە سەرچاوەی تەواوی ناپاوەجێیی، پێکدادان و ناکۆکییەکان،  دەستوەردانی بیانی لە ناوچەکەدایە وتیشی: ئامادە بوونی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بێزاری و شەڕو خوێنڕشتن نەبێ ھیچی تری بەدواوە نەبووە.

سەرداری سپەھبۆد «قاسم سولەیمانی» فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی ھەینی سێھەمی ژانویە بە پێی بانگێشتنی فەرمیی کاربەدەستانی عێراقی سەردانی ئەم وڵاتەی کرد بوو، ھاوڕێ لەگەڵ «ئەبو مەھدی موھەندیس» جێگری سەرکردەی حەشدی شەعبیی عێراق و ھەشت کەسی دیکە لە ھێرشی ئاسمانیی ھێزە دەست درێژکارو تیرۆریستەکانی ئەمریکی لە نزیک فڕگەی بەغدای پێتەختی عێراق شەھید کران.