نیسان 22, 2020 20:00 Asia/Tehran
  • میدیاکانی جیھان ھەڵدرانی سەتەلایتی نووریان وەک دەستھاتێکی گەورەی ئێران ناساند

جێگیر بوونی یەکەم سەتەلایتی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جەغزی زەوی لە ڕۆژی چوارشەممە دەستبەجێ کاردانەوەیەکی بەربڵاوی لە میدیاکانی جیھان و ناوچەکەدا لێ کەوتەوەو وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ ئێران باسیان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، کەناڵی تەلەفزیۆنیی ڕووسیا ئەلیەوم ڕۆژی چوارشەممە وای بڵاو کردەوە کە یەکەم سەتەلایتی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە بە ھۆی سەتەلایتبەری دوو قۆناغەی «قاسید» لە شۆرەکاتی ناوەندیی ئێرانەوە لە لایەن سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بەوپەڕی سەرکەوتووییەوە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا.

ئەم کەناڵە ڕووسییە عەرەبی زمانە وتیشی: سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە باسی سەرکەوتوو بوونی ھاوێژرانی یەکەم سەتەلایتی سەربازیی بۆ بۆشایی ئاسمان کرد.

ڕووسیا ئەلیەوم بە گێڕانەوە لە  سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەم سەرکەوتنەی بە دەستھاتێکی گەورەو پێشکەوتنی ئەم دواییەی ئێران لە بواری موشەکی زانی و وتیشی کە ھاوێژرانی ئەم موشەکە بارھەڵگرە بە سەرکەوتوویی لە بیاوانەکانی ناوەڕاستی ئێرانەوە ئەنجامی گرتوە.

بنکەی ڕ اگەیاندنی «ئەلغەد»ی عێراقیش ئەمڕۆ نووسی:یەکەم سەتەلایتی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە بە سەرکەوتوویی خرایە جەغزی ئاسمانەوە. ئەم بنکەی ڕاگەیاندنە وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ئەم سەتەلایتە بە ھۆی سەتەلایتبەری دوو قۆناغەی «قاسید» ەوە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوە، وتیشی موشەکی قاسید لە شۆرەکاتی ناوەندیی ئێرانەوە ھاوێژراوە.

ئەلغەد وتووشیەتی: ئەمە دەستھاتێکی گەورەیە لە ڕووی موشەکییەوە بۆ ئێران. کەناڵی تەلەفزیۆنیی سومریەنیوزی عێراقیش وێرای بڵاو کردنەوەی ھەواڵی ئەم سەرکەوتنە گەورەیە ڕایگەیاند: بە جێگیر بوونی ئەم سەتەلایتەی ئێران لە جەغزی زەوی، ئەم وڵاتە سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کردووە کە دەربڕی توانایی ئەم وڵاتە لە بواری موشەکی دایە.

ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ئەلنەشرەی لوبنانیش وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە یەکەم سەتەلایتی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە بە سەرکەوتوویی خرایە جەغزی ئاسمانەوە، وتیشی: ئەم سەتەلایتە سەربازییە بە ھۆی موشەکی بارھەڵگری قاسیدەوە کە چێکراوی ئێرانە لە دوو قۆناغ دا ھاوێژراو خرایە دوورایی ٤٢٥ مەتریی جەغزی زەوییەوە.

ڕۆژنامەی خەتولسیاسییەی لوبنانیش وێڕای بڵاو کردنەوەی ھەواڵی سەرکەوتووانە بوونی ھاویشتنی موشەکی سەتەلایت ھەڵگری قاسید لە بیاوانەکانی ناوەندی ئێران نووسی: بە پێی ڕاگەیاندنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، بە ھاوێژرانی ئەم موشەکە، سەتەلایتی نووری یەک بەوپەڕی سەرکەوتووییەوە لە جەغزی زەوی دا جێگیر کراو خەریکی سووڕانەوەیە لەم جەغزەدا.

کەناڵی ھەواڵدەریی فرانس ٢٤یش لە بەشی عەرەبیی خۆی دا ھەواڵێکی ھاوپەیوەند بە ھاوێژرانی موشەکی سەتەلایتبەری قاسیدی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی بڵاو کردەوەو ڕایگەیاند: بە پێی ڕاگەیاندنی کاربەدەستانی سپای پاسداران، ئەم موشەکە کە ھەڵگری سەتەلایتی نووری یەکە بە سەرکەوتوویی لە بۆشایی ئاسماندا جێگیر کراوە. ئەم کەناڵە ھەواڵدەرییە ئەوەشی ڕاگەیاند کە، ئەمریکا ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردوە کە گوایە بەرنامەی ھاوێژرانی سەتەلایت بۆ جەغزی زەوی وەکو قەواغێک بۆ شاردنەوەی گەشەپێدانی پیشەسازیی موشەکیی بەکار دەھێندرێت. ھەڵبەت ئێرانیش بەرنامە موشەکییەکانی خۆی وەکو ھێڵێکی سوور ڕاگەیاندووە کە قەت دانوستانی بۆ ناکات.

ڕۆژنامەی ئەلشەرق و ئەلوەتەنی قەتەریش وێڕای ئاماژە کردن بە ھاوێژرانی موشەکی سەتەلایتبەری قاسید لە نێوخۆی ئێران، باسی سەرکەوتوو بوونی ئەرکی ئەم موشەکە لەمەڕ جێگیر کردنی سەتەلایتی نوور لە جەغزی زەوییان کرد.

ڕۆژنامەی ئەلخەلیجی بەحرەینیش وێڕای ئاماژە کردن بەم سەرکەوتنەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چێکردنی موشەک گەلی سەتەلایتبەر، وتیشی: کارناسانی سەربازیی ڕۆژئاوا وای ھەڵدەسەنگێنن کە توانایی سەربازیی ئێران بەرفراوانتر لە ڕادەی بۆچوونەکانیانە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە کەناڵی ھەواڵدەریی ئەلمناری لوبنان بە ڕاگەیاندنی ئەم ھەواڵە، جێگیر کرانی سەتەلایتی نووری یەک بە ھۆی موشەکی سەتەلایتبەری قاسیدی بە سەرکەوتنێکی گەورە زانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕووی پیشەسازیی گەردوونگەڕییەوە.

ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنتی عەرەبیش وێڕای ئاماژە کردن بە ھاوێژرانی سەرکەوتووانەی موشەکی سەتەلایتبەری قاسید، نووسی: ھاوێژرانی سەتەلایت لە جەنگەی توندبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەر بەرنامەی ناڤۆکی و موشەکیی تاران و ھەروەھا چەند مانگێم دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی سەرکردەی باڵای لقی قودسی سپای پاسداران دوابەدوای ھێرشی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی لە سێھەمی ژانویە لە بەغداو حەوتەیەک دوای ئەوەی کە وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند کە پاپۆڕێکی جەمگیی وڵاتەکەی بە ھۆی بەلەمەکانی سپای پاسدارانەوە لە کەنداوی فارس ھەڕەشەی لێکراوە، ئەنجام دەگرێت.

ئەم ڕۆژنامە دەلێکترۆنییە ئەوەش ڕاگەیاندووە کە، خاڵی جێگای سەرنج ئەمەیە کە ھاوێژرانی ئەم موشەکە سەتەلایتبەرە بە ھۆی سپای پاسدارانەوە دوومانگ دوای سەرکەوتوو نەبوونی موشەکی سەتەلایتی ئێران ئەنجام دەگرێت، کەچی ئەمجارەیان ئێران ڕایگەیاندووە کە سەتەلایتی نووری یەک بە سەرکەوتوویی لە بۆشایی ئاسماندا جێگیر بووەو ھیچ ئامانجێکی سەربازیشی لە ھاویشتنی ئەم موشەکە نییە.

سەرپەیڤ