May 27, 2020 10:11 Asia/Tehran
  • دەستبەکار بوونی یانزەھەمین خولی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران

یانزەھەمین خولی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران بە ئامادە بونی سەرۆک کۆمارو ٢٧٦ نوێنەری ھەڵبژێردراو سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە دەستبەکار بوو.

پاش جێگیربوونی دەستەی سەرۆکایەتیی بە تەمەن دیاریکراو لە شوێنی خۆیاندا، پەیامی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی خوێندرایەوە.

«سەیید ڕەزا تەقەوی» سەرۆک، «سەیید موستەفا ئاقا میرسەلیم» جێگری سەرۆک، «ڕوحوڵڵا نەجابەت» سکرتێری یەکەم، و «موحسین فەتحی» سکرتێری دووھەم ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی تەمەندارانی مەجلیسن کە لەنێو بەتەمەنترین و  گەنجترین ئەندامانی مەجلیسی یانزەھەم ھەڵبژێردراون.

لە درێژەی ڕێ و ڕەسمی دەستبەکار بوونی یانزەھەمین خولی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، «حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتارێکی پێشکەش کردو ئینجا ئاھەنگی سوێندخواردن و پەیمان بەستنی ھەڵبژێردراوان ئەنجامی گرت.

یانزەھەمین خولی ھەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، بۆ دیاری کردنی ٢٩٠ نوێنەر لە ٢٠٨ ھەرێمی ھەڵبژاردن، بیست و یەکەمی فڤریە بە بەشداریی زیاتر لە ٢٤ ملوێن و ٥٠٠ ھەزار کەس لە کەسانی خاوەنی مەرجی دەنگدان لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوەچوو.

لە ٢٠٨ ھەرێمی ھەڵبژاردنی مەجلیسی یانزەھەم، ١٩٧ ھەرێم ھەر لە ھەمان قۆناغی یەکەمی بەرپاکرانی ھەڵبژاردنەکە چارەنووسیان ڕوون بووەوەو تەنیا ھەڵبژاردنی نوێنەرانی ١١ ھەرێمی دەنگدان کەوتە قۆناغی دووھەم کە ئەم ھەرێمانەش لە ١١ی سپتامبەری ئەمساڵ دا قۆناغی دووھەمی ھەڵبژاردن بەخۆیانەوە دەبینن.