May 29, 2020 16:08 Asia/Tehran
  • جەختی سەرۆک پەرلەمانەکانی ئێران و تورکیا لە سەر پێویستیی چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشت لە ناوچەکەدا

سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە سەر پەرە پێ دانی ھاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات لە بواری ئاشتی و ئاسایشت لە ناوچەکەدا پێیان داگرت.

«موحەممەد باقر قاڵیباف» سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی «موستەفا شنتوپ» سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، وێڕای ئاماژە کردن بە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان دوو وڵات، وتی: مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە ھەر ھەنگاوێک لە ئاراستەی گەشەو پەرە پێ دانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردووک وڵات پێشوازی دەکات.

سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران ھەروەھا بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە بەم زووانە تاقمی دۆستایەتیی پەرلەمانی ئێران و تورکیا لە مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران پێک دێت، لە سەر گرینگایەتیی وتووێژی سێ وڵاتی ئێران و ڕووسیاو تورکیا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاستانە سەبارەت بە سووریا پێی داگرت.

«موستەفا شنتوپ» سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی تورکیاش، لەم وتووێژە تەلەفۆنییەدا وێڕا پیرۆزبایی کردن لە ھەڵبژێردرانی «قاڵیباف» بۆ سەرۆکایەتیی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، لە سەر ئامادە بوونی پەرلەمانی تورکیا بۆ پتەوکردنەوەی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان ھەردووک وڵات لە بواری جۆربەجۆری سیاسی، ئابووری و ڕۆشنبیری بە تایبەت پەیوەندیی پەرلەمانی جەختی کرد.