May 29, 2020 17:02 Asia/Tehran
  • حاتەمی: ئەگەر کەنداوی فارس ھێمن بێت، تەواوی وڵاتانی ناوچەکە سودی لێ دەبینن

وەزیری بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران وتی:ئەگەر کەنداوی فارس ھێمن بێت، تەواوی وڵاتانی ناوچەکە سود لەم ھێمنایەتییە دەبینن، بەڵام ئەگەر ناھێمن بێت، بۆ ھەموو وڵاتانی ناوچەکە ناھێمن دەبێت.

«ئەمیر حاتەمی» وەزیری بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران، لە میانەی بەسەر کردنەوەی قۆناغەکانی چێکردن و و تەیار کردنی «پاپۆڕشکێنی دێنا» و ئاوگەڕی«ڕاوە مینی سەبا» لە بەندەرعەبباس وتی: وڵاتانی دەڤەری کەنداوی فارس بەرپرسی دابین کردن و دامەزراندنی ئاسایشتی ئەم ناوچەیەن و مۆڵەت دان بە ھاتنی ئەمریکا لە لایەن دراوسێکانەوە ھەڵەیەکی ستراتژییە.

وەزیری بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران وتیشی: ئەزمونی نزیکەی سەدەیەک ئەوەی دەرخستووە کە بیانییەکان بەردەوام بە بیانووی دابین کردنی ئاسایشت لە کەنداوی فارس دا بۆخۆیان ھۆکاری تێکچوونی ئاسایشت وسەرھەڵدانی قەیران بوونە لەم ناوچەیەدا،ئەوانە بە«ئێران ترسێن» کردن و نانەوەی قەیران و ئاڵۆزی لە ناوچەی کەنداوی فارس و پاشان  دروست کردنی کەشی پێوەبەسترانی ئاسایشتی بۆ وڵاتانی دەڤەری کەنداوی فارس بە نیازی فرۆشتنی ملیاران دۆلار چەک و چۆڵ و ڕاگرتنی بنکەکانیان لە ناوچەکەدان.

ئەمیر حاتەمی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ھێزی دەریایی ئێران جێ و شوێنی ھێزمەندی خۆی لە بواری پاسەوانی کردن لە ئاوەکانی ئێران چەسپاندووەو لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و فەرمانبەڕیەتییە دەریاییەکان لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا بەشدارە، وتیشی: ئامادە بوونی بەتوانای ھێزی دەریایی ئێران وەک پاڵپشتێکی دڵنیاو متمانەبەخش لە بارەی خەباتی دژی تیرۆریزم لە دەریاکاندا بە باشی ناسراوە.

«پاپۆڕشکێنی دێنا» و ئاوگەڕی«ڕاوە مینی سەبا» لە لایەن ڕێکخراوەی پیشەسازیی وەزارەتی بەرەڤانیی ئێرانەوە دیزاین کراوەو دوایین قۆناغەکانی چێکردنی تێپەڕ دەکات.