ته‌مووز 24, 2020 04:29 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بەرامبەر بە گێچەڵگێڕانی دوو فڕۆکەی شەڕکەر  بۆ فڕۆکەیەکی موسافیرھەڵگری ئەم وڵاتە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەبەیانیی ڕۆژی ھەینی لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە گێچەڵگێڕانی دوو فڕۆکەی شەڕکەر بۆ فڕۆکەیەکی موسافیرھەڵگری ئێران لە ئاسمانی سووریا، وتی: وردیاتی ئەم ڕووداوە خەریکە تاوتوێ دەکرێت و دوای تۆکمەکرانی زانیارییەکان ھەنگاوی پێویستی سیاسی و مافەوانی ھەڵدەگیردرێت.

«سەیید عەبباس موسەوی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: لەم بارەیەوە لە پەیوەندییەکی «مەجید تەخت ڕەوانچی» نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ «ئانتۆنیۆ گۆتریش» سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشکاوانە جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەگەر بێتوو ڕووداوێک لە کاتی گەڕانەوەی ئەم فڕۆکەیە بقەومێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمریکا بە بەرپرس دەزانێت.

ئەم پەیامە ھەروەھا ئاراستەی باڵوێزی سوییس لە تارانیش کراوە.

سەرچاوە ھەواڵدەرییەکان شەوی ھەینی باسی گێچەڵگێڕانی دوو فڕۆکەی شەڕکەریان کرد بۆ فڕۆکەیەکی موسافیرھەڵگری ئێران لە ئاسمانی سووریا.

سەرچاوە ھەواڵدەرییەکان ڕایانگەیاند، دوو فڕۆکەی شەڕکەری ورووژێنەر بە نزیک بوونەوەیان لە فڕۆکەیەکی موسافیر ھەڵگری کۆمپانیای فڕۆکەوتنیی «ماھان»ی ئێران لە ئاسمانی سووریا، بە تەمای گێچەڵ ساز کردن بۆ ئەم فڕۆکەیە بوون.

دوای ئەم ھەنگاوە مەترسی دارەی فڕۆکەشەڕکەرەکان، فڕۆکەوانی فڕۆکە موسافیرھەڵگرەکەی ئێران بۆ خۆلادان بە ھەڵتەقینی بەو فڕۆ شەڕکەرانەدا، دەستبەجێ ئاستی فڕینەکەی نزم کردەوەو ئەمەش وایکرد کە کۆمەڵێک لە موسافیرەکانی ئەو گەشتە ئاسمانییە گرفتیان بۆ ساز ببێت.

وەک باسی دەکرێت لە پاش ئەم ڕووداوە فڕۆکەکەی ئێران بە ھێمنی لە فڕگەی بەیرووت دا نیشتووەتەوە. 

سەرپەیڤ