ئاب 19, 2020 11:39 Asia/Tehran
  • تەخت ڕەوانچی: سکاڵاکەی ئەمریکا لە ئێران لای ئەنجومەنی ئاسایشت شکست دێنێ

باڵوێزو نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەلەقاژەی ئەمریکا بۆ سکاڵا دەربڕینی تازە لە دژی ئێران لە لای ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانی بە سیاسەتێکی شکست ھێناو زانی.

«مایک پەمپێئۆ» وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە سەردانی نیۆیۆرک بکات و چاوی بە «ئانتۆنیۆ گۆتریش» سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بکەوێت.

واشێنگتۆن ھەر لەو ڕۆژەدا سکاڵای خۆی دژی ئێران ڕادەستی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان دەکات. لە سکاڵاکەی ئەمریکادا ئێران بە پێشێلکردنی بەڵێنەکانی لە بەرجام دا تۆمەتبار کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، «مەجید تەخت ڕەوانچی» باڵوێزو نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند: ئەمە چ سیاسەتێکە کە دەبێتە ھۆی تەریک کەوتنەوەی ئەمریکاو پیشاندرانی ئەم تەریک کەوتنەوەیەش لە ئاستی جیھان و لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و تەنیای ھاوڕێ نزیکەکانیشی پشتی چۆڵ کەن و بەتەنیای بھێڵنەوە.

تەخت ڕەەوانچی وتیشی: ئەمریکا دەبێ لە دانیشتنەکەی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان کە بەس توانی «دۆمێنیکەن» بکات بە ھاوڕێی خۆی پەند وەربگرێت.

باڵوێزو نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوشارھێنان و بایکۆتی جۆربەجۆر دژی جەماوەری ئێرانی بە دەرەنجامی بێ سیاسەتیی کۆشکی سپی زانی و وتیشی: ھەرچیەک بێت ناکری ناوی بنرێت دیپلۆماسی.

بڕیارنامە پێشنیارکراوەکەی ئەمریکا بۆ درێژەکردنەوەی قەدەغەی چەکەمەنیی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی ھەینیی ڕابردوو بە ١١ دەنگی بێ لایەن، دوو دەنگی تەبای ئەمریکاو کۆماری دۆمێنیکەن و دوو دەنگی نەیاری ڕووسیاو چین شکستی ھێناو پەسەند نەکرا.

 

سەرپەیڤ