تشرینی یه‌که‌م 23, 2020 20:17 Asia/Tehran
  • ناوی باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق خرایە پێڕستی کەسانی بایکۆت کراو لە لایەن ئێرانەوە

باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق و دوو کاربەدەستی دیکەی ئەو وڵاتە ناویان خرایە پێڕستی بایکۆتکراو لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەعید خەتیب زادە» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی ھەینی رایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران «ماتیۆ تولێر» باڵوێزی ئەمریکا لە بەغداو دوو کاربەدەستی دیکەی ئەم وڵاتەی کە لە ڕێکخستنی ھەنگاوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەو تیرۆری دڕندانەی سپەھبۆدی شەھید «قاسم سولەیمانی» فەرماندەری لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و سەپاندنی یایکۆتی دژی ئێران ڕۆڵیان ھەبووە، خستەنێو پێڕستی بایکۆتەکانیەوە.

خەتیب زادە لە توییتێرەکەی دا نووسی: ھەنگاوەکانی ئەمریکا بێ وەڵام نامێنێتەوە.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: «ماتیۆ تولێر» باڵوێزی ئەمریکا لە بەغدا، «ستیڤ فاگین» یاریدەری باڵوێزو «ڕاب والێر» سەرکونسولی ئەمریکا لە ھەولێر بایکۆت کراون و لە ئەمڕۆوە ناوەڕۆکی «یاسای بەرنگارڕ بوونەوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کرداری ملھوڕانە و تیرۆریستی ئەمریکا لە ناوچەکەدا» دەیانگرێتەوەو تەواوی دامەزراوە ھاوپەیوەندەکانی ئێرانیش بە پێی یاسا ھەنگاوی پێویست بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم یاسایە ھەڵدەگرن.

سەرپەیڤ