تشرینی دووه‌م 03, 2020 12:19 Asia/Tehran
  • زەریف: بۆ ئێران ھەڵس و کەوتی ئەمریکا گرینگە نەک وادەو بەڵێن و دروشمی پاڵێوراوان

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وتی: بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەڵس و کەوتی کۆشکی سپی دوای ھەڵبژاردن گرینگە نەک ئەو بەڵێنانەی وا پاڵێوراوانی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکا لە جەنگەی ھەڵبژاردندا دەیدەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، زەریف لە وتووێژ لەگەڵ «سی بی ئێس» بە دەربڕینی ئەمەی کە دەوڵەتی ئێران لە نێوان «دۆناڵد ترەمپ»و یان «جۆ بایدێن» ھیچکامیانی لەوی تر پێ باشتر نییە، وتیشی: ئەگەر ئەمریکا بڕیار بدات کە ھەڵس و کەوتی تێکدەرانەی دژی ئێران ڕابگرێت، ئەوە ئیدی بە بێ گرینگی دا بەوەی کە کێ لە کۆشکی سپی دا سەقامگیر دەبێت، بابەتەکە جیاواز دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەشێکی تری قسەکانی دا وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئێران لەگەڵ ئەمریکادا ھەمیسان دانوستان ناکات، وتیشی: دەتوانین ڕێگایەک بۆ پەیوەندیی دووبارە بدۆزینەوە، بەڵام پەیوەندیی دووبارە بە واتای دانوستانی دووبارە نییە، بەڵکو بە واتای ئەوەیە کە ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ پشت مێزی وتووێژەکان.

زەریف لە بارەی بایکۆتەکانی دژی ئێرانیش لە لایەن ئەمریکاوە وتی: بایکۆتەکانی زەبریان لە ئێران داوە بەڵام نەبووەتە ھۆی ئەو گۆڕانەسیاسییەی کە ئەمریکا بە تەمای بوو.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: جۆ بایدێن دەزانێ کە ئەگەر بێتو لە ھەڵبژاردندا سەرکەوێت ئێران لە بارەی بەرجامەوە دانوستانی دووبارە ناکات.

موحەممەد جەواد زەریف لە بەشێکی تری وتووێژەکەی دا بانگەشەی دام و دەزگا ھەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە بارەی دەستوەردانی ئێران لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکا ڕەت کردەوەو وتی: لە ئێستادا ترەمپ تەنیا کەسێکە کە گرینگترین و کاریگەرترین سوکایەتی بە میکانیزمی ھەڵبژاردنی ئەمریکا دەکات.

سەرپەیڤ