May 27, 2016 21:22 Asia/Tehran
  • سوپای ترکیا چووە نێو خاکی سووریا

سوپای تورکیا لە ڕیفی باکووری حەڵەبەوە چوونە نێو خاکی سووریا.

ئەوە هەواڵێکە کە یەک کاتژمێر لەمەو پێش کاناڵی ئەلمەیادین بڵاوی کردەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کاناڵی ئەلمەیادین سوپای تورکیا لە نزیک گوندی"ئەلحەمام" هەڵکەوتوو لە "عفرین" تا حەوسەت میتر لە نێو خاکی سوریا دا پێشڕەوی کردوە و بە کردوە خاکی سووریای بەزاندوە.

چوونی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی سوریا رۆژێک پا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتی سەرۆک کۆماری تورکیا رووی دا و ئەوەش سەرنجی کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

کۆبونەوەیەک کە دەوترێ گرتنەبەری ڕێ و شوێنی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم سەرەکی ترین تەوەرە و مژاری کاربەدەستە ئەمنی و سیاسییەکانی تورکیا بووە.هەروەها لێکدانەوەی دوایین گۆڕانکاریەکانی مەیدانی سوریاش لە سەرووی باس و خواسەکانی کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا بووە.

لە کۆتایی ئەو دانیشتنە دا تورکیا داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد گرنگی زیاتر بدەن بە هەڕەشە تیرۆریستییەکانی لە وڵاتی شەڕتێکەوتووی سووریاوە کێشە بۆ تورکیا دەخولقێنن.

هەروەها ئامادەبوانی دانیشتنەکە ڕەوشی هەڵمەتە سەربازییەکانی سوپای تورکیایان لە دژی گروپی تیرۆریستی داعش تاوتوێ کرد و جەختیان کرد لەسەر پێویستی دانانی ناوچەیەکی ناوبڕی دژە فڕین.

بە باوەڕی چاودێرانی سیاسی سەرنجی تایبەتی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا بەدوو خاڵە تەواوە کە مۆڵەت بە سوپای تورکیا بدرێ بچێتە نێو خاکی سوریا.

بە تایبەتی ئەوەی کە لە ماوەی ڕۆژانی رابردوو دا هەندێک هەواڵ باس لە شکستی گروپی تیرۆریستی داعش لە هەمبەر هێزەکانی سوریای دیموکڕات لە پارێزگای ڕەقە دەکەن و سەرچاوە کوردیەکان باس لە درێژەی ئەو هەڵمەتە لە دژی بنکە و بارەگاکانی داعش دەکەن.

بێجگە لەوانەش جارێکی دیکەش پرسی پشتیوانی تورکیا لە داعش ئەو جارە لە لایەن ویتالی چورکین نوێنەری هەمیشەیی روسیا لە نەتەوە یەکگرتوەکان هاتە ئاراوە.

ئەو دیپڵۆماتە ڕووسە لە لێدوانێک دا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان کۆمەڵێک بەڵگەی خستەڕوو کە پێشان دەدات ئەو چەکانەی کە تیرۆریستان ماددەی کیمیایان لە تکریتی ئێراق دەکارهێناوە و ئێستا دەستیان بەسەر داگیراوە هەمویان لە کارگەکانی تورکیاوە بەرهەم هاتوون.

ئانکارا بانگەشەی روسیا لەمەڕ پشتیوانی کردنی داعشی ڕەت کردوەتەوە بەڵام هاوکات بوونی چوونی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی سوریا و شکستی داعش لە ڕۆژانی ڕابردوو لە ڕەقەی سوریا لە هەمبەر هێزەکانی سوریای دیموکڕات ئەو بانگەشەیەی روسیا لە ڕاستی نزیکتر دەکاتەوە.

هەروەها هەندێک کۆڕ و کۆمەڵی سیاسی لەو باوەڕە دان پێداگری کاربەدەستانی تورک لە سەر تیرۆریست زانینی پەکەکە لە پاڵ داعشو گرتنی بڕیاری هاوشێوە لەهەمبەر هەر دووکیان تەنیا بیانویەکە بۆ شاردنەوەی پشتیوانی خۆیان لە داعش و سەرکوتکردنی زیاتری پەکەکە و کوردەکانی باکوری سوریا.

سەرچاوەکانی سوریا بەڵام هۆی هاتنی سوپای تورکیا بۆ باکوری سوریا لەوە دا دەبینن کە ئانکارا هەوڵ دەدات گۆڕانکارییەکانی مەیدانی سوریا ئاڵۆزتر بکا و دانوستانەکانی ئاشتی سوریا پەک بخات.