ته‌مووز 27, 2016 21:00 Asia/Tehran
  • یەکێتی ئەوروپا باڵوێزی نوێی خۆی لە تورکیا دیاری کرد

یەک مانگ پاش دەست لەکار کێشانەوەی باڵوێزی یەکێتی ئەوروپا لە تورکیا دوابەدوای مشتومڕە توندەکان لەگەڵ ئانکارا ، ئەمڕۆ چوارشەممە یەکێتی ئەوروپا باڵوێزی نوێی خۆی لەو وڵاتە دیاری کرد.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسا، فدریکا مۆگرینی رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کریستیەن بێرگێری وەک باڵوێزی نوێی ئەو یەکێتییە لە تورکیا دیاری کرد.

کریستیەن بێرگێر دیپڵۆماتی باڵای ئۆتریشی ئێستا بەڕپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای یەکێتی ئەوروپایە.

موگرینی لە ڕاگەیێندراوی خۆی دا ئاماژەی بە ئەزمونی 30 ساڵەی کریستییەن بێرگێر کردوە لە پۆستە دیپڵۆماتیکە جۆربەجۆرەکان لای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوان دام و دەزگا ئەوروپییەکان لە پاش ساڵی 1997 وە.

 موگرینی چوارشەممەی ڕابردوو لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ مەولود چاووش ئۆغڵو  وەزیری دەرەوەی تورکیا ناوبراوی لەو گۆڕانکارییە ئاگادار کرد.

فدریکا مۆگرینی  لم پەیوەندییە تەلەفۆنیە دا بە پێداگری لەسەر پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا لە دەزگا یاسایی و ڕەواکانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند یەکێتی ئەوروپا چاوەڕانی ئەوەی لە تورکیا هەیە پێوەرە ئاست بەرزەکانی ئەو یەکێتییە سەبارەت بە سەروەری یاسا، ماف و ئازادیە بنەڕەتییەکان ڕەچاو کات.