ئاب 27, 2016 18:37 Asia/Tehran
  •  گەیشتنی شەش تانکی دیکە بۆ جرابلێس و درێژەی پەلامارە ئاسمانییەکانی تورکیا لەو ناوچەیە

سەرچاوە هەواڵییەکان ، هەواڵی چوونی شەش تانکی دیکەی تورکیا بۆ ناوخاکی سووریاو جێگیرکرانیان لەنزیک شاری جرابلێسیان بڵاو کردەوەو ڕایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاش جارێکی دیکە پێگەکانی هێزەکانی ناسراو بە سووریای دیموکراتیک لەباکووری سووریایان بۆردومان کرد.

حکومەتی تورکیا ئەمڕۆ لە درێژەی ئۆپراسیۆنی قەڵخانی فوڕات لە باکووری سووریا، شەش تانکی دیکەی ناردە نزیک شاری جرابلێس. ئەو تانکانە لەشاری سنووریی کارکامیشی تورکیاوە چوونە نێو سووریا.

تورکیا ڕۆژی چوارشەممە هاوکات لەگەڵ دەسپێبوونی پەلاماری تۆپخانەیی وئاسمانی بۆسەر مۆڵگەکانی داعش وکوردەکان لەناو سنوورەکانی سووریا کە ، هێزە تایبەتی یەکانیشی گواستەوە دەورووبەری شاری جرابلێس هەتا لەشەڕی دژ بەداعشدا بەشدار بن.

پاش ئەوەی تانکەکانی تورکیا گەیشتنە شاری جرابلێس، بوار خۆش کرا بۆ چوونی گرووپە نەیارەکانی سووریا بۆ نێو ئەو شارەو ئەو هێزانە ئیدیعایان کرد، هەڵمەتی پووچەڵ کردنەوەی بۆمب لە جرابلێسیان دەس پێ کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای تورکیا ئەمڕۆ پەلامارگەلی نوێی بۆسەر پێگەکانی هێزی هاوپەیمانی سووریای دیموکراتیک لەباشووری جرابلێس ئەنجام دا.

بەقسەی سەرچاوە خۆجێیەکان، لەو پەلامارانەدا فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەگەلێکی ئاوایی تەل عەمارنە لەباشووری جرابلێسیان بۆردومان کرد کە ئەو پەلامارانە، زیانی گیانی لەنێو خەڵکانی مەدەنی لێکەوتەوە.

هەروەها ڕاگەیێندرا، هێزە چەکدارە نەیارەکان ئەمڕۆ شەممە شارۆچکەی راعی لەسەر سنوورەکانی تورکیایان پاش ئەوەی داعش بۆ چەند کاژێر دەستی بەسەرداگرت، خستیانە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.

تورکیا لە چوارشەممەی ڕابردوو ئۆپراسیۆنی قەڵخانی فوڕاتی دەس پێ کردووەو ئیدیعا دەکات، ئامانج لەو ئۆپراسیۆنە، شەڕ لەدژ داعش و شەڕڤانانی کورد لە سووریایە. بۆیە، سوپای تورکیا دەیان جار لەڕێی ئاسمانەوە خاکی سووریای بۆردومان کردووە.

لە چوارەمین ڕۆژی ئۆپراسیۆنی قەڵخانی فوڕات، ڕۆژنامەی حورییەت نووسی، تورکیا نزیکەی پەنجا تانک و ٣٨٠ سەربازی ناردۆتە ناو سنوورەکانی سووریا، لە هەمان کاتدا هەندێ سەرچاوە لە تورکیا رایانگەیاند، ئەو وڵاتە دوو ساڵ لەوەپێش بۆ هێرشی زەوینی بۆسەر سووریا بەرنامەڕێژی کردبوو.

حکومەتی سوریا، چوونی تانک و سەربازانی تورک بۆ ناوچەی جرابلێسی ئیدانە کردووە.