کانونی یه‌که‌م 08, 2016 14:41 Asia/Tehran
  • قسەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا؛ هەڕەشەو گوڕەشە لە ئەورووپا یان پێداگری لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم

"ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانەی لێدوانێکی لە ئانکارا بە پێداگری لەسەر بەردەوام بوونی شەڕی هێزە دەوڵەتی و ئاسایشیەکانی وڵاتەکەی دژبە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) دەوڵەتانی ئەورووپایی بە داکۆکی لەو گرووپە تۆمەتبار کرد .

ئەردوغان بە ئاماژە بەوەی کە لە پێتەختە ئەورووپاییەکاندا بە ملیاردان دۆلار پارە بۆ یارمەتیدانی پەکەکە کۆ دەکرێتەوە، ئەورووپای بە بنکە و پەناگەی تیرۆریستان وەسف کرد و جەختی کرد لە سەر ئەوەی کە ئانکارا بەردەوامە لە سەر بەرەنگاربوونەوەی هەموو گرووپە تیرۆریستییەکان.
پێشنینەی بە تیرۆریست ناوبرانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ساڵانی سەرەتایی ناکۆکیی نێوان ئەم گرووپە نەتەوەیی و نژادییە لەگەڵ دەوڵەتی ئانکارا لە سەر بوژاندنەوەی ئازادیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردەکانی تورکیا. تا ڕادەیەک کە کوردی تورکیا ناچار بوون بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافی مەدەنی و کۆمەڵایەتی خۆیان دەس بۆ چەک ببەن و دژ بە هێزە دەوڵەتییەکانی تورکیا شەڕ بکەن.بەڵام پاش ساڵەهای ساڵ شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی دوو لایەن ، ڕێبەرانی ئانکارا و کاربەدەستانی باڵای پەکەکە بۆ چارەسەر کردنی کێشەی نێوانیان و دابین کرانی مافەکانی کوردی تورکیا گەیشتنە تەبایی.

ستراتژییەک کە دێسەمبەری ساڵی ٢٠١٢ دەست پێ بوو و بە پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد ناوبانگی دەرکرد. بەڵام ئەم ستراتژییە کەمتر لە سێ ساڵی خایاند و ژولایی ساڵی ٢٠١٥ ، پاش ڕوودانی تەقینەوەیەک لە ناوەندی فەرهەنگیی کوردەکان لە شاری پڕسوس لە پارێزگەی ڕحا (شانلی ئورفا) نەک هەر ڕاگیردرا بەڵکوو بووە هۆی دەسپێبوونی خولێکی نوێی شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزە دەوڵەتییەکان و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا. بە بێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە دەوڵەتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان لە ڕێگای تەقینەوەکەی پڕسوس و سوار بوونی شەپۆلی ئاڵۆزی و ناهێوری بە هۆی ڕاگیردرانی دانوستان لەگەڵ کوردەکان، توانی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی ساڵی ٢٠١٥ دا سەرکەوێ، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەو شەڕ و پێکدادانانە، هەندێ ڕووداو و گۆڕانکاریی ناوچەیی و نیوخۆیی بووە هۆی ڕەقتر بوونی هەڵوێستەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە پەکەکە.
لە بواری ناوچەییەوە ڕەنگە بتوانین ئاماژە بکەینە هاوڕەت بوونی کوردەکانی باکووری سووریا لەگەڵ دەوڵەتی دیمەشق لە خەباتی دژ بە بەرهەڵستکارانی چەکداری دژ بە دەوڵەتی سووریا کە لە لایەن ئانکاراوە داکۆکییان لێ دەکرێ. ڕەوشێک کە بە کردەوە لەگەڵ قازانج و بەرژەوەندیی تورکیا لە هاوکێشەکانی ناوچە و لەوان قەیرانی سووریا نەدەهاتەوە و لە پارادۆکسدا بوو. هەر ئەم مەسەلە بووە هۆی توندتر بوونەوەی سەرکوت کرانی کوردەکانی تورکیا لەم وڵاتەدا و تەنانەت لە چەن ناوچەیەکی باکووری ئێراق.

لە بواری نێوخۆییشدا چالاکیی سیاسیی پارتەکانی لایەنگری کوردی تورکیا بووە هۆی نیگەرانیی ڕێبەرانی ئانکارا لە بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی قەیرانی نیوخۆیی و کودەتای بێ ئاکامی ژولای رابردوویش بە کردەوە ڕێبەرانی ئانکارای بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەرەوڕووی قەیرانێکی نێوخۆیی کردەوە.

ڕاگەیاندن و نوێ کرانەوەی دۆخی نائاسایی لە سبەی ڕۆژی شکست هێنانی کودەتا و ڕەخنە و گازندەی کۆمەڵگەی ئەورووپایی لە هەڵس و کەوتی توند و نالەباری دەوڵەت لەگەڵ هۆکاران و جێبەجێکەرانی کودەتا، تورکیای بەرامبەر بە تاقیکاری هەڵبژاردنی دژوار لە نێوان پارێزرانی ئاسایشی نێوخۆیی و یان بەجێ هێنانی پێبەندی و بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی دانا. ڕێبەرانی ئانکارا پاراستنی ئاسایشی نێوخۆییان لە بەرەنگاربوونەوەی  هۆکاران و جێبەجێ کەرانی کودەتا و هەروەها سەرکوت کردنی هەموو جم و جۆڵێکی پەکەکەدا دەزانی و بۆ پێداگری لە سەر بەرەنگاربوونەوەی هۆکارانی کودەتا و سزادانی هەموویان، هەتا سەروبەندی لەبەرچاو نەگرتنی بەڵێنەکانی خۆیان بەرامبەر بە یەکێتیی ئەورووپا و هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدام چوونە پێشەوە. ستراتژییەک کە بووە هۆی هەستانەوەی شەپۆلێکی دیکەی ڕەخنە و گازندەی کۆمەڵگەی ئەورووپایی لە ڕێبەرانی ئانکارا.

ئێستایش قسە توندەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا دژ بە کۆمەڵگەی ئەورووپایی سەبارەت بە پەنا دان بە تیرۆریستان پیشاندەری ڕەوتی تەعامولی نگەتیڤ و نەرێنی دوولایەن لە هاوکێشە سیاسییەکانی زاڵ بە سەر پێوەندیی دوولایەنە کە ئەمجارە لە ڕەخنە و گازندەی ئەردوغان دژ بە کاربەدەستانی دەوڵەتی ئەڵمان خۆی دەرخستووە. دانرانی هەندێ یاسا و ڕێسای سەختگرانە بۆ جێگری سەرۆک پەرلەمانی تورکیا لە کاتی سەفەری بۆ ئەڵمان، کاردانەوەی کاربەدەستانی ئانکارای بەدواوە بوو. ئەردوغان لە لێدوانێکی کەم وێنەدا ڕوو لە کاربەدەستانی ئەڵمانی بە ڕەخنە لەوەی کە لەبەرچی بۆ شاندی میوانی تورکیا تەگبیر و  یاسا و ڕێسای سەختگرانەیان جێبەجێ کردووە ، ئەوانی بە میوانداری تیرۆریستان ناو برد .
سەرۆک کۆماری تورکیا بە لێدوانێکی پڕ سۆز و خرۆش باسی کردەوەی بەرامبەر لەگەڵ لایەنی ئەڵمانی کردووە کە هەڵبەت وەبیرهێنەرەوەی قسە پڕ سۆز و خرۆشەکانی ساڵی ٢٠٠٨ لە کاتی ڕەخنە گرتن لە سەرۆکی ڕژێمی زایۆنی لە کۆبوونەوەکەی داووسە. ئەو ڕەخنە و گازندە پڕ سۆز و خرۆشانەی کە ئێستاکە هەموو لە بیر کراون و ئانکارا و تێلاڤیڤ ئێستاکە باسی ناردنی باڵیۆز بۆ لای یەکتری دەکەن و ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە کە لە قۆناغێکی دیکەدا هەموو ئەو ڕەخنە و گازندە و هەڕەشەو  گوڕەشانەی ئەردوغان دژ بە ئەڵمان و  یەکێتیی ئەورووپا بە هۆی هاتنە پێشی هەندێ هەل و مەرجی تازە ئیتر بە تەواوەتی لە بیر بکرێن. بەڵام لەم نێوانەدا ئەوەی  هەرگیز لە بیر و زەینی کۆمەڵگەی تورکیادا ناسڕێتەوە و لە بیر ناکرێ ، کایەی پڕ سۆز و خرۆشی ڕێبەرانی پارتی داد و گەشەپێدان بە وشە و ڕستەکانە کە لە قۆناغێکدا دژ بە هاوپەیمانانی ئایدۆلۆژیکی نێوخۆیی، لە قۆناغێکی دیکەدا دژ بە گرووپێکی نژادی و ڕێبەرانیان و لە قۆناغی دیکەشدا بە پێی ڕووداو و گۆڕانکارییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان دژ بە ڕێبەرانی کۆمەڵگەی ئەورووپایی و کەسان و لایەنەکانی دیکەیە.