درێژەی پەلاماری تورکیا بۆسەر ناوچەکانی دەورووبەری منبج
سوپای تورکیا شارۆچکەی ئەریمە لە ڕۆژاوای منبجی دایەبەرپەلاماری بە هاوەن و تۆپخانە.
بەپێی ڕاپۆرتی کورد پرێس بە گێڕانەوە لە فورات نیوز، پەلاماری سوپای تورکیا بۆسەر خاکی کوردستانی سوریا هەروا درێژەی هەیە.
لەمپەرەکانی سوپای تورکیا ئەم جارە بە پەلاماری تۆپخانە و بە هاوەن بۆسەر شارۆچکەکان وگوندەکانی باکووری منبج درێژەی هەبوو .
سوپای تورکیا کە هەروا درێژەدەدات بە ئامادەبوونی نائاسایی خۆی لە باکووری سوریا، ڕۆژی ڕابردوو پەلاماری کردە سەر شارۆچکەی ئەریمە لە بیست کیلومەتری ڕۆژاوای منبج و گوندەکانی دەورووبەری دایەبەر هاوەن.
راپۆرتەکان دەڵێن کە سوپای تورکیا گوندەکانی بولدق، موحسن لی و عەرەب حەسەنیان بوردومان کردووە.
ڕاپۆرتەکان باسی ئەوە دەکەن کە زەرەروزیانی ماڵی قورس لە خەڵکی ئەم شارۆچکەیە و گوندەکانی دەوروبەری کەوتووە و دانیشتوانی ئەم ناوچەگەلە هەموویان شوێنی ژیانی خۆیان بە جێ هێشتووە .