شوبات 27, 2017 11:34 Asia/Tehran
  • ئەحمەد تورک : بارزانی داوای ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانی دەکات

ئەحمەد تورک، کەسایەتیی ڕامیاریی کوردستانی تورکیاو یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە) دووپاتی کردەوە بارزانی داوای ئازادکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی ناوبراو دەکات .

لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئیراق ، ئەحمەد تورک ڕاگەیاند: ”ئەمڕۆ گۆڕانکاریی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرچاو دەکەوێت، بۆ کوردان گرنگە کە بە ڕێگەی دیپلۆماسی کار بۆ مافەکانی خۆی بکات و لەنێو سیاسەتمەدارانی کورددا یەکێتیی فیکر و ڕامانی خۆیان یەک بخەن. پێویستە ئەو سیاسەتە هەبێت“.

ئەحمەد تورک هەر لەو لێدوانە ڕۆژنامەوانییەدا ئەوەی نەشاردەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە و پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانییەکانی کوردستان کە زۆرینەیان ئێستا لە زیندانەکانی تورکیا دان، هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندووە و داوای ئازادکردنیان دەکات. گوتیشی: ”ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە پرۆسەی ئاشتی هەبێت. سیاسەتمەدارانی کورد سیاسەتێکی بەرفراوان بکەن بۆ ئەوەی لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سوودمەند بن. ئێمە بۆ ڕۆژی ئەمڕۆ ئازادکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی بە زەحمەت دەبینین، بەڵام بێ هیوا نین“.

مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق و ڕەجەب تەییب ئەردوغان سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕۆژی یەکشەممە لە کۆشکی مابینی شاری ئەستەمووڵ دیدار و وتووێژیان کرد .

شایانی ئاماژەیە، هێزە ئاسایشیەکانی تورکیا چەند مانگ لەمەوبەر خانم فیگن یوکسەکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاش دوو هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلانیان بەتۆمەتی لەپەیوەندیدابوون و داکۆکی لە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا قۆڵبەست کرد.