ئادار 19, 2017 12:58 Asia/Tehran
  • وشدارییدانی ئاڵمان لەمەڕ ئاژاوەگێڕییەکانی تورکیا

توماس دی مایزیر وەزیری ناوخۆی ئاڵمان بەئاماژە بە کێشەو ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئانکاراو بەرلین، وتی کە تورکیا بەشێوەی ئامانجمەند لەدژ ئاڵمان و ژمارێک وڵاتی ئوروپایی ئاژاوەگێڕیی دەکا کە ئەوەش، کردەیەکی قەبووڵنەکراوە. لەچەند حەوتەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی تورکیاو بڕێک وڵاتی ئوروپایی بەتایبەت ئاڵمان و هۆلەند بەشێوەیەکی کەم وێنە ئاڵۆزکاو بووە.

پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەکێتی ئوروپا، پاش کودەتا بێ ئاکامەکەی١٥ی ژولای٢٠١٦ کێشەی زۆری لێکەوتەوەو تورکەکان ڕەخنەو گازندەی توندیان کرد لە هەڵوێست نەگرتنی ئاشکرای ئوروپا لەهەمبەر ئەو کودەتایەدا.

یەکێتی ئوروپاش لەبەرامبەردا بەجاران شێوازی هەڵس و کەوتی حکومەتی تورکیا لەگەڵ ئەنجامدەران و لایەنگرانی کودەتای دایەبەر ڕەخنەو گازندەو بەپێشێلکەری ئەو بەڵێنیانەی زانی کە حکومەتی ئانکاڕا لەدەسپێکی ڕەوتی بەئەندامبوونی تورکیا لە ئوروپا گرتوویەتیە پێش.

ابەم حاڵەشەوە حکومەتی تورکیاو کەسایەتی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، نەک هەر پێملی ڕەخنەو گازندەی ئوروپییەکان نەبوون، بەڵکوو ئەردۆغان جەختی کرد لەسەر گۆڕینی سیاسەتی دەرەکی تورکیا بەرەو ڕۆژهەڵات و پەژیوان بوونەوە لە بەئەندامبوون لە یەکێتی ئوروپادا.

بەم چەشنە ڕەوتی پەیوەندییەکانی ئانکاڕاو بروکسل نەک هەر باشتر نەبووە، بەڵکوو هاتنەدی بڕێک پرس وبابەتی نوێ کێشەو ناکۆکی نێوان بڕێک لە ئەندامانی یەکێتی ئوروپاو تورکیای بەشێوەیەکی بەرچاو قووڵتر کردەوە. بۆ وێنە، چوونەسەری ناکۆکی نێوان تورکیاو ئاڵمان لەسەر ڕێگری کردنی بەرپرسانی چەند ئەیالەتی ئاڵمان لە وتاردانی کاربەدەستانی باڵای تورکیا بۆ بانگەواز لە شارومەندانی ئاڵمانی بەڕەگەز تورک بۆ بەشداربوون لە گشت پرسی هەموارکردنی دەستوری تورکیا، کاردانەوەی توندی ئانکاڕای لێکەوتەوە.

نزیک بە دوو و نیو ملوێن کەس لە شارومەندانی تورکیا کە دانیشتووی ئوروۆان دەتوانن لەگشت پرسی گۆڕانی دەستوری تورکیادا دەنگ بدەن. ئەو دەنگانە بۆ حکومەتی تورکیاو ئەردۆغان گرینگیەتی تایبەتی هەیە. لەو ئاراستەدا ئەردۆغان حکومەتی ئاڵمانی لەبەر هەڵوەشاندنەوەی گردبوونەوەکانی هاوپێوەند بە چاکسازی و هەموارکرانی یاسای بنەڕەتی تورکیا، بە ڕەفتاری فاشیستی تاوانبار کرد.

حکومەتی تورکیا هەروەها پاش ڕێگری حکومەتی هۆلەند لە چوونی چاووش ئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئەو وڵاتەو گەڕاندنەوەی بەرپرسێکی دیکە کە بەنیازبوو لە گردبوونەوەی تورکەکانی دانیشتووی هۆلەند وتاربدات، وێڕای دەرکردنی باڵوێزی هۆلەند لە تورکیا، لەبارەی ئەو وڵاتە سکاڵای بردە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

تەنانەت کار گەیشتە ئەو ئاستەی کە ئەردۆغان باسی شەڕی خاچی ئوروپیەکان لەدژ ئیسلامی هێنایەئاراوەو بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە تورکانی دانیشتووی وڵاتانی ئوروپایی"داهاتووی ئوروپا"ن، داوای لەوان کرد هەوڵ بدەن منداڵانی زیاتریان هەبێت.

لەهەمان کاتدا تورکیا لە ئامرازی گوشاری لەدژ ئوروپا واتە پرسی پەناخوازان کەڵکی وەرگرتووەو بەئاشکرا هەڕەشەی هەڵوەشاندنی ڕێککەوتننامەی مارسی٢٠١٦ی نێوان ئەو وڵاتەو یەکێتی ئوروپا لەبارەی کۆنترۆڵی پەناخوازانی هێناوەتە ئاراوە.

بەو حاڵەوە، هەڵوێست وکردەکانی بەرپرسانی تورکیا تەنیا بووەتە مایەی توڕەیی زیاتری کاربەدەستانی ئوروپایی و ئەوان وشدارییان داوە، ئەو چەشنە کردانە ، دوورکەوتنەوەی زیاتری ئانکاڕا لە ئوروپاو کەم بوونەوەی ئەگەری ئەندامەتی ئەو وڵاتە لەو دەزگە ئوروپییەی لێ دەکەوێتەوە.

دانوستانەکانی هاوپێوەند بە پەیوەست بوونی تورکیا بە یەکێتی ئوروپا لەساڵی٢٠٠٥وە دەسپێکرا. یەکێتی ئوروپاو تورکیا لە ڕێککەوتننامەی مارسی٢٠١٦ لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە ڕەوتی بەئەندامبوون و دانوستانەکانی هاوپێوەند بە لابرانی ڤیزا خێرا بکەن و لەبەرامبەریشدا تورکیا هەوڵی زیاتر بدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی پەناخوازان.

بەم حاڵەوە پاش کردەی سەرکوتکارانەی حکومەتی تورکیا لەدوای کودەتا بێ ئاکامەکەی ئەو وڵاتە، یەکێتی ئوروپا لە بەڵێنیەکەی لەمەر هەڵوەشانی ڤیزا بۆ شارومەندانی تورک، لای دا. ئەوەش ناڕەزایەتی توندی ئانکاڕا لە بروکسلی لێکەوتووەتەوە.

یەکێتی ئوروپا نەیاری گۆڕانی بڕگەکانی دەستوری تورکیایەو ئەوە بەهەنگاوێک لەئاراستەی بەرەودواوە چوونی ئەو وڵاتە و بەرەو دیکتاتۆریەت و سەرەڕۆیی چوون لەقەڵەم دەدات. لەڕاستیدا دەکرێ کردەکانی ئەم دواییەی وڵاتانی ئوروپایی بە هەنگاوگەلێک لەئاراستەی پێش گرتن بە گۆڕانی سیستەمی سیاسی تورکیا لە پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی لەقەڵەم بدرێ.