ئادار 24, 2017 10:34 Asia/Tehran
  • ئەردوغان : ئانکارا بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا دەچێتەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا جارێکی تر هەڕەشەی کرد، ئانکارا بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا دەچێتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردوعان سەرۆک کۆماری تورکیا دوێنێ پێنج شەممە لە وتووێژ لەگەڵ کەماڵی سی ئێن ئێنی تورک وتی: دوای بەرپا کردنی کۆپرسیی هەموار کردنی یاسای بنەڕەتیی تورکیا لە شانزەی ئاپریل ئەم وڵاتە بە تەواوی پەیوەندییە سیاسی و ئیدارییەکانی دا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا لەوانە ڕێککەوتن لە بارەی کۆچبەرانەوە دەچێتەوە، بەڵام پەیوەندیی ئابووریی خۆی لەگەڵ ئەم یەکێتییەدا دەپارێزێت.

ناوبراو هەنگاوی وڵاتانی ئەورووپی لە بارەی قەدەغە کردنی چوونی چەند وەزیرێکی تورکیا بۆ خاکی خۆیان، وەک هەولی ئەم وڵاتانە بۆ زیاد کردنی دەنگی نەڕێنی لە کۆپرسیەکەی هەموار کردنی یاسای بنەڕەتی دا لێک دایەوە.

پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بە تایبەت لەوەتەی کە دوو وڵاتی ئەندامی ئەم یەکێتییە واتە ئاڵمانیاو هوڵەند  کۆبوونەوەکانی بانگەوازی چەند وەزیرێکی تورکیایان بۆ کۆپرسی لە بارەی هەموار کردنی یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتە لە خاکی خۆیاندا هەڵوەشاندەوە، تێکچووە.

کۆپرسیی چاکسازیی لە 18 بڕگەی یاسای بنەڕەتیی تورکیا بۆ پەڕینەوە لە سیستێمی پەرلەمانی بەرەو سیستێمی سەرۆکایەتی ڕۆژی پ6ی ئاپرسل بەڕێوە دەچێ.

ڕەجەب تەیب ئەردوعان سەرۆک کۆماری تورکیا  هەڕوەها ڕۆژی پێنج شەممە وتیشی: هەتا کاتێک کە ڕێبەرانی ئەورووپا وەک دیکتاتۆر ناوی بهێنن، ئویش لە بارەیانەوە وشەگەلێکی وەک فاشی و نازی بەکار دێنێ.

کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی ئەورووپا لە ماوەی حەوتەکانی ڕابردوو ئەردوغانیان وەک دیکتاتۆر ناوبرد بوو.

ئەردوغانیش لەم دواییەدا شێوە هەڵس و کەوتی دەوڵەتەکانی ئەورووپا بە تایبەت ئاڵمانیای لەگەڵ کۆبوونەوەی بانگەوازی لایەنگرانی خۆی بە شێوازی نازییەکان شوبهاند بوو.