ئادار 24, 2017 15:45 Asia/Tehran
  • بانگ کرانی باڵوێزی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا بۆ لێژنەی ئەورووپا

لێژنەی ئەورووپا ڕۆژی پێنج شەممە باڵوێزی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپای بۆ ڕوونکردنەوە لە بارەی وتەکانی هەڕەشاویی ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا دژی بڕێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بانگ کرد.

ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە پاش قەدەغەی بەرپا کردنی کۆبوونەوەی تورکان بۆ کۆپرسیی هەموار کردنی یاسای بنەڕەتیی بە بەشداریی وەزیرانی دەوڵەتی تورکیا لە ئاڵمانیاو هۆڵەند، ئەم کردەوەیانەی فاشییانەو سەرچاوە گرتوو لە ئیسلام ترسێن کردن و ڕەگەزپەڕستانە نرخاندو وڵاتانی ئەورووپای بە لایەنگری لە تیرۆریستان تۆمەتبار کرد.

وا دیارە یەکێتیی ئەورووپا بە بانگ کردنی باڵوێزی تورکیا بۆ ئەم دامەزراوە ئەورووپییە بە نیازی بەرنگار بوونەوەی دەوڵەتی تورکیایە. لە ڕاستی دا بە دەست پێ بوونی خولی تازەی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیاو یەکێتیی ئەورووپا هەر کام لە دوو لایەن لە هەوڵی ئەوەدایە هەتا بە لەبەر گرتنی هەڵوێستی توندو هەڕەشاوی لایەنی بەرامبەر ناچار بە کشانەوە بکات، کەچی ئەم ڕەوتە لە کردەوەدا بووەتە هۆی پەرە سەندنی قەیران لە پەیوەندییەکانی نێوان ئانکاراو برۆکسێڵ.

تەنانەت وای لێ هاتووە کە ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە کە لەپاش بەرپا کرانی کۆپرسیی هەموار کردنی یاسای بنەڕەتیی تورکیا لە 16ی ئاپریل،ئەم وڵاتە بە تەواوی پەیوەندییەکانی سیاسی و ئیداریی خۆی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لەوانە ڕێککەوتن لە سەر پەناخوازان دا دەچێتەوە، بەڵام پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئەم یەکێتییەدا دەپارێزێت.

لەگەڵ ئەمەش دا پێش بینیی ئەوە دەکرێت کە یەکێتیی ئەورووپا بە هیچ کلوجێک  بوارەکانی پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لێک جیا ناکاتەوە. بە واتایەکی دیکە ئەمە بۆ برۆکسێڵ جێگای قەبووڵ نییە کە ئانکارا کێشەی پەناخوازان کە ئێستاکە بووەتە گەورەترین تەنگژەی بەردەم یەکێتیی ئەورووپا وەک ئامێرێکی گوشار بەکار بێنێ وبەردەوام هەڕەشەی ئەوە بکات کە ڕێککەوتنەکەی لەو بوارەدا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا هەڵدەوەشێنێتەوەو کەچی لە لایەکی دیکەوە پێ لە سەر پارێزرانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ ئەورووپادا دابگرێت.

دیارە ئەگەر ئانکارا هەر بەڕاست بەنیازی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی پەناخوازان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا بێت کە لە مارسی 2016 دا واژۆ کرا، لەگەڵ هەنگاوی بەرامبەرو توندوتیژی یەکێتیی ئەورووپادا بەرەوڕوو دەبێتەوە کە بەرگەشی ناگرێت.

پەیوەندییەکانی تورکیاو یەکێتیی ئەورووپا دوای کوەتا سەرنەکەوتووەکەی تورکیا لە 15ی ژوییەی 2016 تووشی کێشەی زۆر هات و تورکەکان گلەوگازندەی زۆریان لە یەکێتیی ئەورووپا هێنایە ئاراوە لە بەر هەڵوێست دەرنەبڕینی ئاشکراو ڕاشکاوانەی ئەم یەکێتییە لە بەرامبەر کودەتاکەدا. ئینجا یەکێتیی ئەورووپاش زۆر جار شێوازی هەڵس و کەوتی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ هۆکاران و لایەنگرانی خۆی وتەنی کودەتاکەی داوەتە بەر ڕەخنەو وەک پێشێلکردنی ئەو ئەرکانە لێکی داوەتەوە کە دەوڵەتی ئانکارا هەر لەکاتی پێ و شوێن گرتنی ڕەوتی ئەندامەتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا بەئەستۆی گرتووە. بەڵام خاڵی جێی سەرنجی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپاو ئانکارا هەوڵی ئەردوغان بۆ بەرپا کرانی کۆپرسیی هەموار کردنی یاسای بنەڕەتیی تورکیا لە 16ی ئاپریل دایە بە مەبەستی گۆڕینی میکانیزمی دەستەڵاتی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆسەرۆکایەتی کەهەڵبەت لەگەڵ دژایەتیی توندوتۆڵی برۆکسێڵ دا بەرەوڕوو بووەتەوە.

یەکێتیی ئەورووپا نەیاری گۆڕدرانی یاسای بنەڕەتیی تورکیایەو ئەم کارە بە هەنگاوێک لەئاراستەی بەرەودوا کشانەوەی ئەم وڵاتە بەرەولای دیکتاتۆرییەت و ملهوڕایەتی دەزانێ. لە ڕوانگەی کاربەدەستانی تورکەوە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی وڵاتانی ئەورووپی بۆ ڕێگرتن لە بەرپا کرانی کۆپرسیی تورکەکانی دانیشتووی ئەورووپا لەمەڕهەموارکردنی یاسای بنەڕەتیی تورکیا، لە ڕاستی دا بۆ دژایەتی کردنی گۆڕدرانی میکانیزمی دەستەڵاتی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆسەرۆکایەتی ئەنجام دەگرێت.

ئا لەم چوارچێوەیەدا ئەردوغان کە پشتی بە دەنگی ئەرێی شارومەندانی تورکی دانیشتووی هەندەران و بە تایبەت ئەورووپا لە کۆپرسییەکەی هەموار کردنی یاسای بنەڕەتی دا بەستووە، کردەوەی وڵاتانی ئەورووپای لەمەڕ قەدەغە کردنی چوونی چەند وەزیرێکی تورکیا بۆ خاکی ئەورووپا وەک هەوڵی ئەم وڵاتانە لەمەڕ هەڵکشانی دەنگی (نا) بەم کۆپرسییە لە قەڵەم داوە.

لەم ناوەدا هەڵوێستی ئەمریکاش جێگای ڕامانە کە بە سەرنجدانی بەرژەوەندییەکانی خۆی ، خوازیاری سوک کرانەوەی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیاو وڵاتانی ئەورووپیە.